هەنگاریا 275 تۆن چەك و تەقەمەنی پێشكەشی پێشمەرگە دەكات

هەنگاریا 275 تۆن چەك و تەقەمەنی پێشكەشی پێشمەرگە دەكات
هەنگاریا بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی یارمەتییە سەربازییەكانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا و سەركۆنسوڵی ئەو وڵاتەش لە هەولێر دەڵێ چەندین جۆری تر چەكی بەهێز دەدەنە پێشمەرگە.


سەركۆنسوڵی هەنگاریا لە هەولێر، جابا سیكینزی لە میانەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "لە چوارچێوەی هاوكارییەكاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕی تیرۆر، تا ئێستە هەنگاریا 275 تۆن چەك و تەقەمەنی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و بڕیار دراوە كە 110 جۆر تەقەمەنی بەهێزی تر پێشكەشی پێشمەرگە بكات".


گوتیشی "ئێستە راوێژكار و راهێنەرانی سەربازی وڵاتەكەمان بەبەردەوامی مەشق و راهێنان بەهێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و نەخۆشخانە سەربازییە تایبەتەكانیشمان، ئەركی چارەسەركردنی ژمارەیەك پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعشیان لەئەستۆ گرتووە كە ژمارەیەكیان چارەسەر كراون و ئێستە چواریان گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان".


سكینزی راشیگەیاند "هەموو ئەو هاوكارییانەی وڵاتی هەنگاریا راستەوخۆ پێشكەشی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كراون و هاوكارییەكانی تریش هەر راستەوخۆ پێشكەشی هەرێم دەكرێن".


گوتەكانی سەركۆنسوڵی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەیەكی هات لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەكەی و گفتوگۆی چۆنیەتی هاوكاریی ئەو وڵاتە بۆ هەڵەبجە.

Top