عەلی باپیر: گشتپرسی مافی رەوای گەلی كوردە

عەلی باپیر: گشتپرسی مافی رەوای گەلی كوردە
عەلی باپیر لەگەڵ نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان تاووتوێی گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا دەكات. دەشڵێت"سەربەخۆیی مافی رەوای گەلی كوردە".

رۆژ شەممە 7-5-2016، عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەولێر لەگەڵ یان كوبیش، نوێنەری تایبەتی بان كی مون، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق‌ كۆبووەوە.

سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی سیاسی عێراق عەلی‌ باپیر رایگەیاند "‌پێویستە پێش هەموو كەس‌ و لایەنێك گەلانی‌ عێراق لە خەمی داهاتووی‌ وڵاتەكەیان دابن ‌و رێگە‌نەدەن لایەنە سیاسییەكان دەستكەوتە نیشتمانییەكان بكەنە قوربانی‌ شەڕی مەزهەب ‌و بەرژەوەندییە سیاسییەكانیان".

لەبارەی‌ گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی‌ كورد بۆ بەغدا، ئەمیری كۆمەڵ گوتی ‌"پێویستە بە بەرنامەو دوای‌ گفتوگۆ و رێككەوتنی‌ لایەنەكان بڕیار لەبارەی گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی‌ پەرلەمانتارانی‌ كورد بدرێت".

سەبارەت بە گشتپرسی لەسەر ئایندەی باشووری كوردستان لە عێراق، عەلی باپیر بە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانی رایگەیاندووە"سەربەخۆیی مافی رەوای‌ خەڵكی‌ كوردستانە و ریفراندۆمیش پێشەكی‌ ئەو ماف‌ و سەربەخۆیەیە، بەڵام پێویستە بۆ هەموو كارەكانمان رێگە خۆشبكەین ‌و زەمینەسازی بۆ بكەین".
Top