سه‌لیم جبووری: بۆ هاوخه‌می و پشتیوانی په‌رله‌مانتاره كورده‌كان هاتوومه‌ته هه‌رێمی كوردستان
دوای گه‌یشتنی بۆ شاری سلێمانی ، ئه‌مشه‌و شه‌ممه (7-5-2016) سه‌لیم جبووری، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌یاوه‌ری پارێزگاری سلێمانی ناوه‌ڕۆك و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو.
له‌و كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا جبووری ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان بریتییه له ده‌ربڕینی هاوخه‌می و پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه‌ی كه له به‌غدا له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌رانه‌وه هێرشیان كرایه سه‌ر.
له‌وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ئه‌وه‌ی ئاخۆ بۆچی له‌نێو هه‌موو پێكهاته‌كاندا ته‌نیا هێرشكرایه سه‌ر په‌رله‌مانتارانی كورد له په‌رله‌مانی عێراق و چ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه بۆ پاراستنی گیانیان، سه‌لیم جبووری گوتی: "پێویسته باس له ڕۆڵی حكوومه‌تی عێراق بكرێت له پاراستنی گیانی هه‌مووان و نه‌ك ته‌نیا بۆ فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان به‌ڵك و ئێمه داوای گه‌ره‌نتی پاراستنی گیانی سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانمان له‌ڕابردوودا كردووه و ئێستاش داوای ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ی كه‌له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا ڕوونه‌داته‌وه".
