سەركردەیەكی پارتی: بەقەد مسقالە زەڕەیەک بۆچوونمان بەرامبەر گۆڕان نەگۆڕاوە

 سەركردەیەكی پارتی: بەقەد مسقالە زەڕەیەک بۆچوونمان بەرامبەر گۆڕان نەگۆڕاوە
هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دەڵێ "لەگەڵ یەکێتی لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی سەرۆکایەتییەکی نوێی پەرلەمان، پارتی مکوڕە لەسەر ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان شکستیهێناوە لە ئەداکردنی پۆستەکەیدا و بۆیە لەسەر ئەوە کاردەکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە سەرۆکایەتییەکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێ"، جەختیشدەكاتەوە "بەقەد مسقالە زەڕەیەک بۆچوونی پارتی بەرامبەر گۆڕان نەگۆڕاوە".

لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیش سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێ"یەکێتی لاری لە گۆڕانکاری سەرۆکایەتی پارلەماندا نییە، ئەگەر لەچوارچێوەی چاکسازیدا بێت نەک وەک سزادان".

پارتی و یەکێتی بۆ ئەو رێكکەوتنەی کە هێمن هەورامی باسی دەکات، چەندین کۆبوونەوەی ئاشکرا و نائاشکرایان ئەنجامدان، بەڵام پێناچێت هیچی لێ سەوز بووبێت، چونکە یەکێتی نایەوێ بچێتە ژێر باری داواکەی پارتی و لەگەڵ مانەوەی دەستەی ئێستای سەرۆکایەتی پەرلەمانە وەک خۆی.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاشکرای دەکات، ئەوەیان بە روونی بە پارتی گوتووە و جەختیانكردووەتەوە بەبێ گۆڕان گۆڕانكاریكردن زەحمەتە.

رەنگە هەوڵەکانی پارتی ئێستا زەحمەتی زیاتری بووێت، چونکە یەکێتی و گۆڕان پەیوەندییەکانیان لەهەموو کات زیاتر گەرموگوڕترە، کار گەیشتووەتە ئەوەی نزیک ببنەوە لە واژۆکردنی رێکكەوتنێکی ستراتیژی، کە گشتگیرە و هەندێک لە خاڵەکانی بە دڵی پارتی نین.


Top