سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوا گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و ڕووداوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها ئەگەر و ڕێگەكانی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سەرۆك بارزانیی لە بۆچوونی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی چارەسەری قەیرانەكانی عێراق و هەروەها ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش لەبارەی عێراق ئاگادار كردەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیە باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لە هەموو بارودۆخێكدا هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگییەكە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر ئەوە درا كە هەردوولا لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان و گۆڕانكاریی تازە لە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوەی بەردەوامدا بن.
