تورکی بن فەیسەڵ، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سعودیە: دەستکەوتنی چەکی ناوەکی یەکێکە لە بژاردەکانمان
شازادە تورکی بن فەیسەڵ، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سعودیە لە دیبەیتێکدا، کە لەگەڵ یەعقوب ئەمیدرور، ژەنەڕاڵێکی ئیسرائیلی لە ئەمریکا ئەنجامی دا، رایگەیاندووە، کە لە ئەگەری ئەوەی ئێران رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێشێڵ بکات، ئەوا وڵاتەکەی رێکاری پێویست دەگرێتە بەر لە دژی ئەو وڵاتە.
لە مانگی تەمموزی 2015، شاندی دانوستاندنکاری ئیران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک گەیشتنە رێککەوتن و بەپێی بەندەکانیشی، ئێران بەرنامە ناوەکییەکانی رادەگرێت. هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیسرائیل بە توندی دژی ئەم رێککەوتنە وەستانەوە و پێیان وابوو ئێران پابەندی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان نابێت.
شازادر تورکی فەیسەڵ هیوای خواستووە چەکی ناوەکی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمێنێت و ژەنەڕاڵ یەعقوب ئەمیدروریش پێیوایە، ئێران لە 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوودا، دەبێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.
باسنیوز
