گۆران: لایەنە عێراقییەکان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن
خەسرۆ گۆران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەتی کردەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەی ئاراستەی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کردبێ بۆ کۆبوونەوە لە هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسرێک بۆ کێشەکانی عێراق.
خەسرۆ گۆران بە دووری نەزانی هێزە عێراقییەکان داوای دۆزینەوەی چارەسەرێک لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بکەن و رایگەیاند، ھەر کاتێک وڵاتەکە تووشی قەیران دەبێت، بەرپرسانی عێراق "پەنا بۆ ھەرێم دەھێنن" و ئاشکراشی دەکات، کە چەند لایەنێک پەیوەندییان بە بارزانی کردووە، "بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک لە ھەولێر ساز بکرێت و قەیرانەکە چارەسەر بکرێت".
محەمەد کەربولی، ئەندامی یەکێتیی ھێزە عێراقییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاندووە، رۆژی شەممە 7ـی ئایاری 2016، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق، سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئایار، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و بریاریان دا، بە بێ بوونی بڕیارێکی روونی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان، جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە بەغدا.
رۆژی شەممە 30ـی نیسانی 2016، دوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی دواتر، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمانی عێراق و داگیریان کرد و گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتارانیان بڵاو کردەوە.
