خانەقین.. داعش هێرشی كردەسەر سوپای عیراق

خانەقین.. داعش هێرشی كردەسەر سوپای عیراق
ژمارەیەك تیرۆریستی داعش هێرشیانكردەسەر رەبایەیەكی سوپای عیراق لە باشووری رۆژهەڵاتی قەزای خانەقین و دوای كۆنترۆڵكردنی هەڵهاتن.

عەمید روكن نەجمەدین عومەر، فەرماندەی لیوای 3ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە خانەقین و جەلەولا بە خەندانی راگەیاند: " كاتژمێر 8:20ی شەوی پێنجشه‌ممه‌ 5 ی ئایاری 2016، نزیكەی 16 تیرۆریستی داعش لە ناوچەی نەفتخانە هێرشیانكردەسەر رەبایەی سریەی چواری سوپای عیراق و دوای كۆنترۆڵكردنی و رووبەڕووبوونەوەی سوپای عیراق، تیرۆریستەكان هەڵهاتن" .

وتیشی، بەهۆی شەڕەكەوە سەربازێكی سوپاكەی عیراق گیانی لەدەستداوە و سەربازێكی تر برینداربووە.

ئەوەشی خستەڕوو دوای ئەوەی چەند سەربازێكی سریەكەی سوپای عیراق بە ئۆتۆمبێلێكی هەمەرەوە دوای تیرۆریستەكان كەوتوون، مینێكی چێنراو بە هەمەرەكەدا تەقییەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

نەفتخانە سەر بە ئیدارەی قەزای خانەقینی پارێزگای دیالەیە و لە ئێستادا كۆمپانیای نەوت و كەمتر لە پانزە ماڵی تێدایە ، محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی قەزای خانەقین بە خەندانی راگەیاند: "لە رابردوودا هەوڵمانداوە نەفتخانە بكەینە ناحیە، بەڵام هەوڵەكەمان بە ئەنجام نەگەیشتووە".

لە چەند رۆژی رابردوودا تیرۆریستانی داعش لەسنووری پارێزگای دیالە چەند پەلامارێكی تیرۆریستیان ئەنجامداوە و چەند مووشەكێكیان ئاراستەی ناوەندی شارەكە كردووە.

Top