سامانە سرووشتییەكان بڕی هەناردەكردنی نەوت و داهاتی مانگی رابردووی ئاشكراكرد

 سامانە سرووشتییەكان بڕی هەناردەكردنی نەوت و داهاتی مانگی رابردووی ئاشكراكرد
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئاشكرایكرد، مانگی رابردوو ئاستی هەناردەكردنی نەوت گەیشتووەتە 511 هەزار بەرمیلی رۆژانە و لەو مانگەشدا داهات 376 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.

رۆژی پێنجشەممە 5-5-2016 وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی هەناردەكردن و داهاتی مانگی نیسانی 2016ی ئاشكرا كرد.

بەپێی داتاكانی سامانە سرووشتییەكان "15 ملیۆن و 356 هەزار و 651 بەرمیل نەوت لەماوەی مانگەكەدا هەناردەكراوە، كە دەكاتە رۆژانە 511 هەزار و 888 بەرمیل نەوت".

راشیگەیاندووە، تەواوی ئەو نەوتە لەڕێگەی بۆری نەوتی كوردستان و لە بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كراوە.

لە راگەیێندراوەكەدا ئەوەش هاتووە "لەماوەی مانگی رابردوودا بەنزیكەی 7 كاژێر هەناردەكردن راگیراوە".

لەبارەی داهاتی مانگی رابردوو، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئاشكرایكردووە، داهاتی نەوتی هەناردەكراو گەیشتووەتە 376 ملیۆن و 395 هەزار و 901 دۆلار، كە 58 ملیۆن و 895 هەزار و 901 دۆلاری بۆ پرۆسەی هەناردەكردن تەرخانكراوە.

سامانە سرووشتییەكان ئاماژەی بەوەشكردوووە، یەكێك لە كەشتییە نەوتییەكان (كە بڕەكەی یەك ملیۆن و 25 هەزار 828 بەرمیل نەوت بووە)، دراوە بە خاوەن گرێبەستی ژمارە سێ‌ لەبەرامبەر ئەو پارەیەی پێشەكی لە ساڵی 2015 رادەستی كردووە، لەبەرئەوە ئەو بڕە نەوتە هیچ داهاتێكی لە مانگی رابردوودا نەبووە.

وەك وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەڵێت، دوای دەركردنی ئەو كەشتییە بڕی فرۆشتن و داهاتی نەوت بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت.

ژمارەی بەرمیل نەوتی فرۆشراو لە بەندەری جەیهان: 14 ملیۆن و 241 هەزار و 714 بەرمیل

ژمارەی بەرمیل نەوت بەرامبەر پارەی پێشەكی 2015: یەك ملیۆن و 25 هەزار و 828 بەرمیل

تێكڕای پارەی وەرگیراو لە مانگی نیسان: 376 ملیۆن و 395 هەزار و 828 بەرمیل بووە.
Top