خەسرۆ گۆران: هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر گەڕانەوە و نەگەڕانەوەمان بۆ بەغدا دەدەین

خەسرۆ گۆران: هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر گەڕانەوە و نەگەڕانەوەمان بۆ بەغدا دەدەین
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەن وەك سەرۆكی فراكسیۆنەكان هەفتەی داهاتوو بە هەماهەنگی لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیار بدەن بە گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەیان بۆ بەغدا.

(خەسرۆ گۆران)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستەكانمان یەك بخەین، بەڵام جارێ بە ئەستەمی دەبینم پەرلەمانی عێراق بەم زووانە كۆ ببێتەوە".

(گۆران) گوتیشی: "لە دوای ئەو ڕووداوانەی لە بەغدا ڕوویان دا، زەمینە لەبار نییە بۆ كۆبوونەوە، ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەیاننامەیەكمان دەركرد و ئیدانەی ئەو كارانەمان كرد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتیش، بەیاننامەیەكیان لەو بارەیەوە دەركردووە، ئێمە وەك كورد بە هیچ شیوەیەك ناتوانین لەم بارودۆخە هەڕەشاوییە و ئیرهابە فیكرییەدا درێژە بە كاری خۆمان بدەین، چونكە كاركردن لە ژێر كەشێكی وادا ئەستەمە و هەر سەرۆك فراكسیۆنێك سەركردایەتیی خۆی هەیە و بە دڵنیاییەوە تەوجیهات لەلایەن سەركردایەتییەوە بۆ سەرۆك فراكسیۆنەكان هەیە كە چی بكرێت و چی نەكرێت، ئێمە وەك سەرۆك فراكسیۆنەكان هەوڵ دەدەین كە هەفتەی داهاتوو هەڵوێستێكی یەكلایەنەی سەركردایەتیی سیاسی كوردستان وەربگیرێت لە ئەگەری گەڕانەوەمان یان نەگەڕانەوەمان بۆ بەغدا".





KDP
Top