نرخی بەنزین بەرزتر دەبێتەوە

نرخی بەنزین بەرزتر دەبێتەوە
ماوەی هەفتەیەکە نرخی بەنزین بەرزبوونەوەی زیاتری لە شاری سلێمانی بەخۆیەوە بینیوە و سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆکارەکەی بۆباشتر بوونی کوالیتی بەنزینەکە دەگەڕێنێتەوە.

غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند "بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ئێستادا و لەگەڵ هاتنی نرخی بەنزیندا، ئۆتۆمبێل پێویستی بە کوالیتی باشترە و لەگەڵ ئەوەدا پێویستە بەنزین خانەکان کوالیتییەکەی باش بکەن بۆ ئەمەش نرخەکەی گرانتر دەبێت".

ڕوونیشیکردەوە کە جێگەی قبووڵکردن نییە کە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە لەبەر ئەوەی بازاڕی هەرێمی کوردستان ئازادە ئەوا ناکرێت نرخی بەنزین دیاری بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت لە ماوەی ڕابردوودا نرخی بەنزین تا ٤٠٠ دینار دابەزی بەڵام ئێستا نرخەکەی نزیکە ١٠٠ دینار بەرزبووەتەوە لە بەشێک لە بەنزین خانەکان و گەیشتووەتە ٥٠٠ دینار.
Top