فەرماندەیەكی خۆبەخشی پێشمەرگە لە گوێڕ شەهیدبوو

فەرماندەیەكی خۆبەخشی پێشمەرگە لە گوێڕ شەهیدبوو
فەرماندەیەكی خۆبەخشی پێشمەرگە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیحوەری گوێڕ شەهیدبوو.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شه‌ڕ له‌نێوان هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانی داعش له‌میحوه‌ری گوێر روویدا.

شەڕەكە كە لەبەرانبەر گوندی ئەبو شیتە بوو كاتێك روویدا كە چه‌كدارانی داعش كه‌مینێكیان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دانابوو ئه‌وه‌ش له‌و كاته‌دا كە‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌رقاڵی پشكنینی ناوچه‌كه‌ بووه‌و گومانی له‌چه‌ند شوێنێك هه‌بووه‌.

ئاراس حەسۆ میرخان جێگری سەرپەرشتیاری فەرماندەیی میحوەری گوێر - مەخمور بەخەندانی راگەیاند " محەمەد مام یوسف كە یەكێك بوو لەو فەرماندە خۆبەخشانەی لەسەرەتای شەڕی داعشەوە بەشداری لەشەڕدا كردووەو رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە، كاتژمێر چواری ئێوارە بەگولەی قەناس بەدەستانی داعش لە گوێڕ شەهیدبوو".

محەمەد مام یوسف 63 ساڵ دانیشتووی دەڤەری مێرگەسور، لە فەرماندەیی بارزان بەپلەی عەمید خانەنشین كرابوو.

ئاراس حەسۆ میرخان دەڵێت "محەمەد مام یوسف شارەزایی باشی لەشەڕدا هەبووە، بەو پێیەی هەر لە شۆڕشی گوڵانەوە تائێستا دانەبڕابوو لە پێشمەرگایەتی".

وتیشی "هەر بەهۆی شەڕی ئەمڕۆوە، پێشمەرگەیەكی دیكە بەناوی روحەڵا محەمەد عەباس بایز شەهیدبووەو دوو پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون".
Top