یوئێن داوای لە هەرێمە لە هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق بەردەوام بێ

یوئێن داوای لە هەرێمە لە هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق بەردەوام بێ
لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هیوای خواست سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوام بێ.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 4-5-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (یان كۆبیش) نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كۆبیش باسی لە بارودۆخ و پێشهاتە سیاسییەكانی بەغدا كرد و نیگەرانیی خۆی بۆ ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە وەك نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵ و گفتوگۆكانیان لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان هەست بە بەرپرسیاریی دۆخی هەستیاری ئێستا و تێپەڕاندنی دۆخەكە بكەن. هیواشی خواست سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان لەمڕووەوە لە لەگەڵ هەموو لایەنەكان لە هەوڵەكانی بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بەردەوام بێت و بەمەبەستی گفتوگۆ و دیالۆگ سەردانی بەغدا بكات.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی تێبینی و بۆچوونەكانی بەڕێز كۆبیشی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هەرچەند هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە و ژمارەیەك بابەت هەن تا ئێستا لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەكراون، بەڵام هەرێمی كوردستان لەو باوەڕەدایە كە لەم هەلومەرجەدا لە بەرژەوەندیی عێراق و ناوچەكەدا نییە بۆشاییی كارگێڕی و سیاسی و ئەمنی لە عێراق دروست ببێت، بۆیە بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ پشتگیریكردنی بەردەوامبوونی حكوومەتی ئێستای عێراق لە كارەكانی و هەوڵ دەدەن هیچ بۆشاییەكی كارگێڕی دروست نەبێت و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە.
تاوتوێكردنی چەند تەوەر و بابەتێكی پەیوەندیدار بە ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.








KDP
Top