باڵیۆزی ئێران لە عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی لە سەرۆک بارزانی کرد

 باڵیۆزی ئێران لە عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی لە سەرۆک بارزانی کرد
لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، بەبۆنەی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، پیرۆزبایی لە (سەرۆک بارزانی) کرد.

ڕۆژی چوارشەممە 4ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە حەسەن داناییفەر باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە موحەمەد ئالی ئیسحاق جێگری باڵیۆز و مورتەزا عیبادی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و ژمارەیەك كاربەدەستی باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد بە تایبەت لە بەرەی باكووری مووسڵ و گوندی بەشیر كە زەبرێكی كوشندە بوو لە تیرۆریستانی داعش درا. هەروەها لە وتەیەكدا سەرۆك بارزانیی لە سیاسەت و بیروبۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكان ئاگادار كردەوە.

هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی قەیرانی سیاسیی عێراق و ڕووداوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان و قۆناغی دوای داعش و ئازادكردنی مووسڵ.








KDP
Top