کونسوڵخانەی هیندستان لە هەرێم دەکرێتەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 4 - 5 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (جۆرج ڕاجو) باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد. لە دیدارێكدا ڕاجو خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و ئازادی و ئارامیی هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی كە توانیویانە لە دژی تیرۆر بەرگری لە وڵاتی خۆیان بكەن. ئاشكراشی كرد كە حكوومەتی هندستان ئامادەیە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی دیپلۆماسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ببەستێت و لەمبارەیەشەوە بڕیاریان داوە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆنسوڵخانەی گشتیی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیشیان بۆ ئەو چاودێری و مامەڵە باشەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كرێكارە هیندییەكان دەیكات، دەربڕی.
ئاماژەی بەوەش دا كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەوتن و وەبەرهێنان گونجاوە و ئامادەییی خۆیشی نیشان دا خاوەن كار و وەبەرهێنەرانی هیندستان هان بدات بێن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن. ئەوەشی دووپات كردەوە كە بوار هەیە هەماهەنگییەكی باش لە نێوان هەرێمی كوردستان و هیندستاندا لە ڕووی كەلتووری و ئیداری و ئابووریدا دروست بكرێت و ئەوان دەتوانن لە بوارەكانی خوێندنی باڵا و دابینكردنی كورسی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان و مەشق و ڕاهێنان لە بوارەكانی كارگێڕی و بەڕێوەبردن و تەندروستی بۆ كادیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پێشوازی لە بڕیاری حكوومەتی هیندستان كرد بە كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر كە دەبێتە هۆی باشتركردنی پەیوەندییەكان لە بوارەكانی كەلتووری و تەندروستی و ئابووریدا. باسی لەوەش كرد كە دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش هەندێك سستی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دوای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە ئومێدی ڕەخساندنی دەرفەتی باشتر بۆ وەبەرهێنان دەبێت و لەم چوارچێوەیەشدا كۆمپانیاكانی هیندستان دەتوانن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
هەروەها سوپاسی هاوكاریی حكوومەتی هیندستانی كرد بە پێشكەشكردنی كورسی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لەسەر خەرجیی خۆیان و كۆرسی مەشق و ڕاهێنان بە كادیرانی حكوومەتی هەرێم و هیوای خواست لەمباریەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پشتگیریی دامودەزگاكانی حكوومەتیشی بۆ ئەو پڕۆژەیە دووپات كردەوە.
KDP
