خورماتوو.. چەکدارانی حەشدی شەعبی لە تاڵان و سووتانی ماڵە كوردەكان بەردەوامن
ئەحمەد شێخ لەنگەری، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خورماتوو ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئایاری 2016 راگەیاند "سەرەڕای رێكکەوتنی نێوان چەكدارانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگە، لە خورماتوو بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی خورماتوو، بەڵام چەكدارانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە پێشێلكردنی رێكکەوتنەكە و هەمیشە هەوڵی پشێوی دەدەن".
گوتیشی، چەكدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بەردەوام ماڵە كوردەكان لە هەردوو گەڕەكی (عەسكەری و تین) دەسووتێنن و كەلوپەلی ئەو ماڵانە بە تاڵان دەبەن".
ئاشكراشی كرد، ئەمڕۆ چوارشەممە چەكدارانی حەشدی شەعبی كەلوپەلی ماڵی هاووڵاتییەكی كوردیان بە ناوی سامان حیسام، لە گەڕەكی عەسكەری بە ئاشكرا دزیوە".
لە رۆژانی رابردووشدا کەلوپەلی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و مزگەوتێک لە خورماتوو لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە تاڵان کرا.
هەفتەی رابردوو بە دەستپێشخەری چەكدارانی حەشدی شەعبی شەڕ لە نێوان حەشد و پێشمەرگە و خۆبەخشانی كورد لە خورماتوو درووست بوو و دوای رێكکەوتنی نێوان چەكدارانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، بۆ هێوربونەوەی دۆخی خورماتوو، كەچی تا ئێستاش ماڵی كورد دەستوێنرێت و دەدزرێت.
باسنیوز
