بەشێک لە میدیاکانی سلێمانی خزمەتیان بە داعش گەیاند
دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە 3\5\2016، هەندێک لە میدیاکانی سلێمانی، بە مانشێتی جۆراوجۆر و بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە داعش بڵاوی دەکردنەوە، کارێکیان کرد کە بووە هۆی نیگەرانبوونی بەشێکی بەرچاو لە پێشمەرگە و فەرماندەکان و هاووڵاتییان. ئەمڕۆ ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕاگەیاند: پێویستە ڕاگەیاندن موراعاتی دۆخەکە بکات، ئێمە لەگەڵ دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی لە جیهان مامەڵە دەکەین. هەندێک شت کە بەرژەوەندیی گشتییان تێدا نەبێت، هەق نییە میدیاکان بڵاوی بکەنەوە، بە تایبەتیش ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە بەرەکانی جەنگەوە هەیە“.
ڕەحمان غەریب ئەوەی ڕوون کردەوە کە هەموو هەواڵێکی بەرەکانی جەنگ، هەواڵ نییە و لە بەرژەوەندیی خەڵک نییە بڵاو بکرێتەوە. گوتیشی: ”مەبەست ئەوە نییە کە میدیاکان چاویان لەبەرامبەر بەرەکانی جەنگ دابخەن، بەڵام ئەو هەواڵانەی کە پەیوەندییان بە نهێنیی سەربازییەوە هەیە، پێمانوایە کە شتێکی خراپ دەکەن، میدیای کوردی، هەموو شتێک بڵاو دەکەنەوە“. جەختیشی لەوە کردەوە کە کاتێک سەرنج دەدەن، بە شێوەیەکی گشتی هەندێک هەواڵی ”زۆر زۆر ورە ڕووخێن“ هەن و پەلەکردن بە پێش کوالێتیی هەواڵەکە دەخرێت.
سەبارەت بەوەی کە تاچەند ئەم مانشێت و هەواڵانە خزمەت بە دوژمنانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕەحمان غەریب بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە نابێت وا تۆمەتباریان بکەین کە مەبەستیان ئەوەبووبێت خزمەت بە دوژمن بکەن، پێموانییە میدیایەک هەبێت لە هەرێمی کوردستان کە بیەوێت و ڕای گەیاندبێت خزمەتی داعش بکات، بەڵام ڕەنگە گەنجێک داندرابێت کە سەری لەم بابەتانە دەرنەچێت و یەکسەر هەواڵەکان دابنێن. ئەو جۆرە هەواڵانە پێویستە بەرپرسی میدیا و زیاتر لە کەسێک بیبینێت، ئینجا تێپەڕێت“.
پێشتر حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕاگەیاندبوو: یەکێک لە بەرپرسیاریەتییەکانی میدیاکار ئەوەیە کە پابەندی ئەخلاقی نیشتمانی بێت و لە یاسای ژمارەی 35ی ڕۆژنامەوانیی کوردستاندا بە ڕوونی ئاماژە بە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی میدیاکار دەکات، هاوکات لە میساقی شەرەفی ڕۆژنامەنووسی کە پێڕەوێکی نێودەوڵەتییە، بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت“.
جەختیشی لەوە کردبووەوە کە نابێت ڕۆژنامەنووس هەواڵێک بڵاو بکاتەوە، ئاسایشی وڵات بخاتە مەترسییەوە. گوتیشی: ”ئەوەی دوێنێ کرا، دەپرسین لە بەرژەوەندیی کێ دایە؟ لە ڕاستیدا ئەوەی کرا خزمەتکردنە بە داعش و دوژمنانی کوردستان، چونکە تەنیا کاری میدیاکار نییە هەر شتێکی هاتە بەردەست، وەک زانیاری بڵاوی بکاتەوە، پێش ئەوە دەبێت ڕەچاوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئەمنی قەومی بکات".
باسنیوز
