فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی بەرەی باكووری موسڵ: ١٠٠ چەکداری داعش کوژران

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی بەرەی باكووری موسڵ: ١٠٠ چەکداری داعش کوژران
فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەی باكووری موسڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە ئەمڕۆ ١٠٠ چەکداری داعش کوژراون و ٤٢ ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی داحش تەقێندراونەتەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەی باكووری موسڵ "هەر چەندە لەسەرەتای شەڕەكەدا تیرۆریستان لە چەند شوێن پێشڕەوییان كرد بەڵام هێزی پێشمەرگە زۆر ئازایانە لێیان هاتنە دەست و زۆر بە توندی بەرپەرچی ئەو پەلامارە بەرفراوانەیان دایەوە و زەبرێكی كوشندەیان لە دوژمن وەشاند. لە ئەنجامی ئەو بەرخودانە كەموێنەیەی پێشمەرگە زیاتر لە سەد چەكداری داعش كوژران و ٤٢ ئۆتۆمۆبیلی سەربازی و زرێپۆش و مێنڕێژكراویان تەقێندرانەوە و لەناوبردران و پەلامارە بەرفراوانەكەی تیرۆریستان تێكوپێكشكێندرا و هەموو ئەو شوێنانەی پێشرەوییان تێدا كردبوو لە دەست تیرۆریستان دەرهێنراو و كەسیان قوتار نەبوون".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەم داستانە پڕ لە قارەمانێتییەدا هێزەكانی فەرماندەیی سپیلك و لەشكری تایبەتی یەك و لەشكری گولان و هێزی دژە تیرۆر و فەرماندەیی دهۆك و فەرماندەیی زێرەڤانی و فەرماندەیی پشتیوانی یەك و هێزی خۆبەخشی لقەكانی یەك و بیست و چواردە و هەژدە و نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزەكانی ئاساییشی ناوچەكە بەشدار بوون. هەموو شەڕ و بەرخودانیش قوربانی دەبێت، بەداخێكی زۆرەوە لەم شەڕەدا ژمارەیەك پێشمەرگە و سەربازێكی ئەمەریكاییش شەهید بوون و گیانی خۆیان فیدای كوردستان كرد. سەرەخۆشی لە كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی ئەو پێشمەرگە شەهیدانە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".

ئەمڕۆ ٣ی ئایار چەکدارانی داعش لە چوار میحوەرەوە هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە توانیان ئەو هێرشانە تێکبشکێنن.
Top