نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی كەرتی تایبەتی بۆ پەروەردە بەرز نرخاند
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٣ - ٥ - ٢٠١٦ بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكوومەت و حزبی و خاوەن كار و بزنسمانان، لە شاری هەولێر ڕێوڕەسمی ڕادەستكردنی دەیەمین قوتابخانە لەلایەن كۆمپانیای یووبی هۆڵدینگەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتەیەك، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا سەرەتا دەستخۆشیی لەو سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگە كرد كە لە باشووری كەركووك لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەدەستیان هێنا و تیایدا توانیان گوندی بەشیر كە ماوەیەكی زۆر بوو لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە كۆنترۆڵكرابوو، ئازاد بكەن.
هەروەها ئاماژەی بەو هێرشە فراوانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تێكشكاندنی ئەو هێرشانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كرد بە تایبەتی لە میحوەری تسلقۆف كە شەڕێكی گەورە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆرستانی داعشدا ڕوویدا و تیایدا چەند پێشمەرگەیەك شەهید و برینداربوون و بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهیدان كرد و هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ برینداران خواست. ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەم شەڕە بۆ بەرگریكردن لە جیهانی ئازاد و مرۆڤایەتی و پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە عێراقدا دەكات.
دواتر جیا لە دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریكردنی لەو ڕێوڕەسمەدا، ئاماژەی بەوە دا كە ڕێوڕه‌سمەكە بەر لەوەی بۆ كردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌یه‌ك و پڕكردنه‌وه‌ى پێویستییه‌كى په‌روه‌رده‌یى بێت، سیمبۆلێكى جوانه بۆ خۆشویستنى وڵات و دڵسۆزى به‌رامبه‌ر به گه‌ل و نیشتمان و خه‌مخۆرى و ئاره‌زوویه‌كى له‌دڵه‌وەیە بۆ به‌شداریكردن له بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستان كه مایه‌ى ده‌ستخۆشى و ڕێز و پێ‌زانین و شانازییه.
ئەم پڕۆژەیەی گروپی كۆمپانیاكانی یووبی هۆڵدینگیش كە دەیەمین قوتابخانەیە ڕادەستی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەكات، وەك بەنرخترین دیاری بۆ خوێندكارانى كوردستان و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ناساند. هەروەك باسی لە پرۆژەكانی دیكەی ئەو كۆمپانیایە كرد كه له هه‌ریه‌كه له سێمێل، به‌رده‌ڕه‌ش، سلێمانى، ئامێدى، باتیفا، هه‌ڵه‌بجه و زاخۆ، قوتابخانه‌ى شه‌ش پۆلى، نۆ پۆلى، ١٢ پۆلى و له هه‌ولێریش ١٨ پۆلییان دروست كردووە و هه‌موو كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانى خوێندن و خزمەتگوزارییەكانیشیان لە ئەستۆی خۆیان گرتووە جیا لە نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ١٢ قوتابخانه‌ى دیكه له ناوچه جیاكانى كوردستان و هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە ئەو شوێنه‌ى پرۆژەكەی تیادا ئەنجامدراوە، پێشتر به زیاده‌ڕۆیی خانووى له‌سه‌ر دروست كرابوو، به‌ڵام له چوارچێوه‌ى پلانى حكوومه‌تدا كه پارێزگاى هه‌ولێر به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ڕێكخراوى هابیتات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى زانستى ئاماده‌یان كرد، زیاتر له ٥٠٠ خانووى ته‌جاوز هه‌ڵگیران و له شوێنێكى دیكه، به پێدانى زه‌وى و دابینكردنى ته‌واوى خزمه‌تگوزارییه‌كان له لایه‌ن پارێزگاى هه‌ولێره‌وه، قه‌ربوو كرانه‌وه.
هەروەها بەڕێزیان كێشه سه‌ره‌كییه‌كانى كه‌رتى په‌روه‌ردەی بۆ كه‌میى ژماره‌ى بیناى قوتابخانه گەڕاندەوە هەرچەندە حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له چوارچێوه‌ى به‌رنامه و پلانى په‌روه‌رده‌ییى خۆیدا گرنگییه‌كى زۆرى به دروستكردنى بیناى قوتابخانه داوه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانى پێشوو ئێستا كێشه‌كه كه‌متر بووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر زیادبوونى ساڵانه‌ى ژماره‌ى خوێندكاران، ئه‌و كێشه‌یه هێشتا به‌رده‌وامه، بۆیه به‌شداریكردنى خێرخوازان و كه‌رتى تایبه‌ت له دروستكردنى بیناى قوتابخانه‌كان، بە هاوكارییه‌كى بەرچاوی حكوومه‌تی قبووڵ كرد.
جەختی لەوەش كردەوە كە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، ئارەزوو بۆ خوێندن و ناردنی قوتابی بۆ خوێندنگا زۆر زیادی كردووە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە گەلی كورد بە ئومێدەوە سەیری ئایندەی خۆی دەكات و بڕیاری داوە مناڵەكانیان بچنە قوتابخانە و ئەمەش بارێكی یەكجار قورسی خستە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو ژمارانەی كە وەزیری پەروەردە پێشكەشی كرد بەراوردێكە بۆئەوەی پێشتر دۆخی خوێدن لە هەرێمی كوردستان چۆن بووە و ئێستا چۆنە.
دەربارەی هەوڵەكانی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ گرنگیدان به په‌روه‌رده و فێركردن، دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێم به‌رده‌وام له هه‌وڵى باشتركردنى كواڵیتیى خوێندن، به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى په‌رورده و فێركردندایه و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رچى له تواناى حكوومه‌تدا بێت درێخى ناكات. جەختی لەوەش كردەوە كە حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر به جددى كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات خوێندنى پیشه‌یى له هه‌موو به‌ش و كه‌رته پیشه‌ییه‌كاندا، به‌ره‌وپێش ببات و لەمبارەیەوە پشت به توانا و لێهاتووییى پیشه‌ییى خۆماڵی ببه‌ستێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده هه‌نگاوى جددى ده‌نێت و پلان و به‌رنامه‌ى زانستى ده‌بێت و پێچه‌وانه‌ى جاران، خوێندنى پیشه‌یى و تایبه‌تمه‌ندى له خوێندنى پیشه‌ییدا له كوردستان، ببێته خوێندنێكى خاوه‌ن ڕه‌واج و هه‌ڵگرانى باوه‌ڕنامه پیشه‌ییه‌كان ببنه ئه‌ندامى كارا و ده‌ستوپه‌نجه زێڕ‌ینى كۆمه‌ڵگه.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان به ڕێز و پێزانینه‌وه له به‌شداریى كه‌رتى تایبه‌ت و خێرخوازان له دروستكردنى بیناى قوتابخانه‌كان ده‌ڕوانن وەك چۆن پێشتریش خه‌ڵكى دیكه به دروستكردنى چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌م به‌شدارییه جوانه‌یان هه‌بووه، ئێشتاش خه‌ڵكێكى دیكه به سوپاسه‌وه داواى دروستكردنى بیناى قوتابخانه‌یان پێشكه‌ش كردووه. ئەوەشی بیرهێنایەوە له چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تێكدا كه وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده بۆ ئه‌مساڵى خوێندنى ٢٠١٥ – ٢٠١٦ ڕایگه‌یاندبوو، له هه‌رچوار پارێزگاى هه‌ولێر، سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه و دهۆك، خێرخوازان و كه‌رتى تایبه‌ت ٦٠٠ قوتابخانه‌یان له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆیان نۆژه‌ن كرده‌وه و ئه‌مەشی بە به‌شدارییه‌كى زۆر جددی به‌تایبه‌تى له دۆخى داراییى ئه‌مڕۆی هەرێمی كوردستاندا، ناساند و هیوای خواست ساڵانی داهاتووش بە هەمان شێوە ئەو بەشدارییەی كەرتی تایبەت بەردەوام بێت.
لە كۆتایی وتەكەیدا نێچیرڤان بارزانی سوپاس و ده‌ستخۆشى له گرووپى یووبى هۆڵدینگ و خه‌لیل نه‌زیر، عبدالهادى نه‌زیر و باوك و براكانیان كرد و هیواى سه‌لامه‌تى و سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازی بۆ خواستن و دووپاتی كردەوە كە بتوانن به هه‌موولایەك به‌شدارى له بنیاتنان و پێشخستنى كوردستاندا بكه‌ن كه دوێنێ باوك و باپیران به گیان و خوێنى خۆیان دروستیان كرد و، ئه‌مڕۆش پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان به گیان و خوێنى خۆیان ده‌یپارێزن. هەروەها سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان نارد و هیوای سەركەوتن و سەرفرازیشی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان خواست.
دەقی وتاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئێواره‌تان باش و هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن..
بەرلەوەی دەست بە وتاری ئەمڕۆ بكەم، دەمەوێ باس لەوە بكەم كە لەم ڕۆژانەی دوایی دوێنێی و پێرێ و ئەمڕۆ پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان لە دەڤەری كەركووك سەركەوتنی گەورەیان لەسەر تیرۆرستانی داعش بەدەستهێنا و گوندی بەشیر كە ماوەیەكی زۆربوو لە دەست تیرۆرستاندابوو، ئازاد كرا، هەروەها ئەمرۆ هەر لە بەیانییەوە لە ناوچەی تلسقۆف شەڕێكی گەورە لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆرستان هەبووە و كۆمەڵێك پێشمەرگە شەهید بوون ڕێگەم بدەن لەم بۆنەیەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو قارەمانانە دابنوێنم كە لە پێناو بەرگریكردن لە مرۆڤایەتی یەكەمجار، دوایی لە وڵات و خاكی كوردستان شەهید بوون و خوێنیان بەخشی بۆ ئازادی ئێمە و ئازادی وڵات و هیوای چاكبوونەوە بۆ ئەو پێشمەرگە بریندارانە دەخوازین كە لەم شەڕەدا برینداربوون.
ئەو شێونانەی كە داعش هێرشی كردوونەتە سەر، زۆر بە باشی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە تێكشكێنراون، بەڵام بەداخەوە پێشمەرگە بە خوێنی خۆیان ئەو بەرگرییەی كردووە و بە خوێنی خۆیان پاراستوویانە و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین و سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو خۆشەویستانە دەكەین لە هەر شوێنێك بن و هیوادارم بتوانین بە هاوكاریی هەموولایەك سەركەوین بەسەر ئەم تیرۆرستانە. ئەوەی ئەمڕۆ پێشمەرگە و كوردستان دەیكات، بەهایەكی گەورەی هەیە چونكە بەرگریی لە مرۆڤایەتی و بەهای بەرزی پێكەوەژیان لە وڵاتی عێراقدا دەكات.
خۆشحاڵم كه ئه‌م ئێواره‌یه به‌شدارم لەم مەراسیمە، مەراسیمێكی تایبه‌تى ماناداردا. ڕێوڕه‌سمێك بۆ كردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌یه‌ك كه به‌رله‌وه‌ى دروستكردنى بینایه‌ك بێت، به‌رله‌وه‌ى پڕكردنه‌وه‌ى پێویستییه‌كى په‌روه‌رده‌یى بێت، سیمبۆلێكى جوانه بۆ خۆشویستنى وڵات، بۆ دڵسۆزى به‌رامبه‌ر به گه‌ل و نیشتمان. هه‌روه‌ها نیشانه‌یه‌كى دیاره بۆ خه‌مخۆرى و ئاره‌زوویه‌كى له‌دڵه‌وه‌ى ڕاسته‌قینه‌یه بۆ به‌شداریكردن له بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستاندا، كه مایه‌ى ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و ده‌ستخۆشى، ڕێز و پێ‌زانین و شانازییه.
گرووپى كۆمپانیاكانى یووبى هۆڵدینگ، لێره له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا قوتابخانه‌ى ژماره (١٠)ى خۆى ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ده‌كات، كه له‌سه‌ر ئه‌ركى تایبه‌تى خۆى و وه‌ك دیارییه‌ك بۆ قوتابیان و، هاوكارى و به‌شدارییه‌كى جوان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به شێوه‌یه‌كى ڕێكوپێكى مۆدێرن، دروستى كردووه. ئه‌مڕۆ بۆ خوێندكارانى كوردستان و بۆ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش، هیچ خه‌ڵات و دیارییه‌ك، هێنده‌ى ئه‌م دیارییه‌ى یووبى هۆڵدینگ، به‌نرخ و به‌هادار نییه!.
به‌ڵێ، ئه‌م جوامێرانه، ئه‌مه ده‌یه‌مین قوتابخانه‌یه له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆیان دروستى ده‌كه‌ن، دواى ئه‌وه‌ى كه له هه‌ریه‌كه له سێمێل، به‌رده‌ڕه‌ش، سلێمانى، ئامێدى، باتیفا، هه‌ڵه‌بجه و زاخۆ، قوتابخانه‌ى شه‌ش پۆلى، نۆ پۆلى، ١٢ پۆلى و له هه‌ولێریش ١٨ پۆلییان دروست كرد و ئه‌مڕۆ ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تیان كرد. ئینجا هه‌موو كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانى خوێندنیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆیان دابین كردووه، به‌رده‌وامیش چاودێرییان ده‌كه‌ن، ناهێڵن كه‌موكوڕییان تێبكه‌وێت و هه‌میشه به خاوێنى ده‌یانهێڵنه‌وه. ئه‌مه بێجگه له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ١٢ قوتابخانه‌ى دیكه له ناوچه جیاكانى كوردستان.
ئه‌م شوێنه‌ى ئێستا ئه‌م قوتابخانه مۆدێرنه‌ى لێ دروست كراوه، پێشتر به زیاده‌ڕۆیى، له ده‌ره‌وه‌ى پلانى شاره‌وانى خانووى له‌سه‌ر دروست كرابوو، به‌ڵام له چوارچێوه‌ى پلانى حكوومه‌تدا كه پارێزگاى هه‌ولێر به هه‌ماهه‌نگى و به سوپاسه‌وه له‌گه‌ڵ ڕێكخراوى هابیتات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى زانستى ئاماده‌یان كرد، زیاتر له ٥٠٠ خانووى ته‌جاوز لێره هه‌ڵگیران و له شوێنێكى دیكه، به پێدانى زه‌وى و دابینكردنى ته‌واوى خزمه‌تگوزارییه‌كان له لایه‌ن پارێزگاى هه‌ولێره‌وه، قه‌ربوو كرانه‌وه.
هه‌ر له چوارچێوه‌ى كاره خێرخوازییه‌كانیاندا، ئه‌م به‌ڕێزانه له یووبى هۆڵدینگ، به ده‌ست و دڵێكى فراوانه‌وه، كۆمه‌ك و هاوكارییان بۆ خوشك و برایانى ئاواره‌ى ئێزدى و مه‌سیحى و خه‌ڵكى خۆشەویستی شه‌نگال و لێقه‌وماوانى ده‌ستى تیرۆرستانى داعش كردووه. به‌تایبه‌تى له ناوچه‌ى زاخۆ هۆڵى گه‌وره‌یان وه‌ك شوێنى حه‌وانه‌وه بۆ ئاواره‌كان دابین كردووه و پاشان له دروستكردنى كه‌مپه‌كان و دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ژیان له كه‌مپه‌كانیشدا، به‌شدارى و هاوكارییان كردووه.
ئه‌مه وێڕاى هاوكارى بۆ پێشمه‌رگه له به‌ره‌كانى شه‌ڕى دژه‌تیرۆر. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نیا له یه‌ك شته‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه كه ئه‌ویش خۆشەویستییە بۆ وڵات، خۆشەویستییە بۆ كوردستان. ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم. هیوادارم موەفەق و سەركەوتوو بن و بەردەوامیش بن لەو كارە جوانانەی لە كوردستان دەیكەن.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانى كه‌رتى په‌روه‌رده له هه‌رێمى كوردستان، كه‌میى ژماره‌ى بیناى قوتابخانه‌كانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له چوارچێوه‌ى به‌رنامه و پلانى په‌روه‌رده‌ییى خۆیدا گرنگییه‌كى زۆرى به دروستكردنى بیناى قوتابخانه داوه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانى پێشوو ئێستا كێشه‌كه كه‌متر بووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر زیادبوونى ساڵانه‌ى ژماره‌ى خوێندكاران، ئه‌و كێشه‌یه هێشتا به‌رده‌وامه لە هەرێمی كوردستاندا.
من دەمەوێت ئەوە بڵێم بە تایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، ئارەزوو بۆ خوێندن و ناردنی قوتابی بۆ خوێندنگا زۆر زیادی كردووە لەچاو پێشتر. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە مللەتی ئێمە بە ئومێدەوە سەیری ئایندەی كردووە بۆیە بڕیاری داوە مناڵەكانیان بچنە قوتابخانە و ئەمەش وایكرد كە بارێكی یەكجار قورس لەسەر شانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست ببێت، ئەو ژمارانەی كە بەڕێز پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە خوێندیەوە، بەراوردێكە بۆئەوەی پێشتر دۆخەكە چۆن بووە و ئێستا چۆنە.
به‌شداریكردنى خێرخوازان و كه‌رتى تایبه‌ت له دروستكردنى بیناى قوتابخانه‌كان، هاوكارییه‌كى زۆرى حكوومه‌ت ده‌كات و له هه‌ندێ شوێنى پێویست، به ڕێژه‌یه‌كى زۆر بارى حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده و خه‌ڵك و قوتابیانیش، سووك ده‌كات.
ئه‌م جۆره به‌شدارى و هاوبه‌شیكردنه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت له گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستاندا، به ڕاستى هاوكارییەكی گەورەیە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و زیادبوونى بیناى هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك تەنیا یەك قوتابخانەش، ده‌بێته هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵخى له‌سه‌ر بیناى قوتابخانه و پۆله‌كان و، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى منداڵانى كوردستان بتوانن ژینگه‌یەكی ئارامتر، زه‌مینەیەكی له‌بارتر و ده‌رفه‌تێكی باشترى خوێندن و په‌روه‌رده بەدەست بهێنن.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ڕوانگه‌ى گرنگیدانى به په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه، به‌رده‌وام له هه‌وڵى باشتركردنى كواڵیتیى خوێندن، به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى په‌رورده و فێركردندایه. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رچى له تواناى حكوومه‌تدا بێت درێخى ناكات و ئامانجى ئه‌وه‌یه كه منداڵانى ئه‌مڕۆ، نه‌وه‌ى داهاتوومان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى زانستیانه‌ى پێشكه‌وتوو، به‌پێى ستاندارده په‌روه‌ردییه‌كانى جیهان، پێبگه‌یه‌نێت و بۆ دواڕۆژێكى باشتر و گه‌شتر، ئاماده‌یان بكات. دوایین كۆنفرانسى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و، به‌و ئامانجه بوو.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ دووپاتى بكه‌مه‌وه كه به ڕه‌چاوكردنى پێداویستییه‌كانى ئه‌مڕۆ و داهاتووى كوردستان له ئاوه‌دانكردنه‌وه، پێشخستن و په‌ره‌پێدان، بۆ ئاماده‌كردنى كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا له هه‌موو بواره پیشه‌ییه‌كاندا، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر به جددى كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه خوێندنى پیشه‌یى له هه‌موو به‌ش و كه‌رته پیشه‌ییه‌كاندا، به‌ره‌وپێش ببات و گرنگییه‌كى زیاترى پێبدات، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌و بوارانه‌دا پشت به خۆمان و، به توانا و لێهاتووییى پیشه‌ییى خۆمان ببه‌ستین. به‌مه‌ش هه‌م ده‌رفه‌تى كارى زیاتر دروست بكه‌ین، هه‌م بۆ بچووكترین كارى پیشه‌یى، ئیتر پێویستیمان به خه‌ڵكى بیانى نه‌مێنێت كە لە دەرەوە بێن و بۆمانی ئەنجام بدەن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده هه‌نگاوى جددى ده‌نێت و پلان و به‌رنامه‌ى زانستى ده‌بێت، تاكو بتوانێت له داهاتوودا ئه‌و ئامانجه بپێكێت و پێچه‌وانه‌ى جاران، ئیتر خوێندنى پیشه‌یى و تایبه‌تمه‌ندى له خوێندنى پیشه‌ییدا له كوردستان، ببێته خوێندنێكى خاوه‌ن ڕه‌واج و هه‌ڵگرانى باوه‌ڕنامه پیشه‌ییه‌كان و ده‌رچووانى ئه‌و به‌شه له خوێندن، ببنه ئه‌ندامى كارا و ده‌ستوپه‌نجه زێڕ‌ینى كۆمه‌ڵگه، تاكوو بتوانن به باشترین شێوه خزمه‌تى وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن.
ئێمه به ڕێز و پێزانینه‌وه له به‌شداریى كه‌رتى تایبه‌ت و خێرخوازان له كوردستان ده‌ڕوانین و داوایان لێدەكەم بینایەی قوتابخانە دروست بكەن ئەم بەشداریكردنی كاریگەریی گەورەیان دەبێت بۆ داهاتووی كوردستان. ئێشتاش خه‌ڵكێكى دیكه به سوپاسه‌وه داواى دروستكردنى بیناى قوتابخانه‌یان پێشكه‌ش كردووه.
هه‌روه‌ها له چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تێكدا كه وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده بۆ ئه‌مساڵى خوێندنى ٢٠١٥ – ٢٠١٦ ڕایگه‌یاندبوو، له هه‌رچوار پارێزگاى هه‌ولێر، سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه و دهۆك، خێرخوازان و كه‌رتى تایبه‌ت ٦٠٠ قوتابخانه‌یان له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆیان نۆژه‌ن كرده‌وه، كه ئه‌مه به‌شدارییه‌كى زۆر جددیه و به‌تایبه‌تى له دۆخى داراییى ئه‌مڕۆدا، زۆر هاوكاریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات. هیوادارین ساڵانی داهاتووش به‌رده‌وام بێت.
هیوادارم ئه‌م ڕێوڕه‌سمه ببێته هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكانى دیكه‌ش له كه‌رتى تایبه‌ت و خێرخوازان، بتوانن به‌شدارییه‌كى له‌وجۆره بكه‌ن و جێپه‌نجه‌یان له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستان و بیناكردنى قوتابخانه و مرۆڤدا له كوردستان دیار بێت. ئه‌مه بۆ خۆیان، بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش مایه‌ى شانازى و سه‌ربه‌ر‌زییه.
دووباره له دڵه‌وه سوپاس و ده‌ستخۆشى له گرووپى یووبى هۆڵدینگ و له به‌ڕێزان خه‌لیل نه‌زیر، عبدالهادى نه‌زیر و باوكی بەڕێزیان و براكانیان ده‌كه‌م. هیواى سه‌لامه‌تى و سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازییان بۆ ده‌خوازم. هیوادارم نموونه‌یان له كوردستان زۆر بێت و به هه‌موومان بتوانین به‌شدارى له بنیاتنان و پێشخستنى كوردستاندا بكه‌ین، كه دوێنێ باوك و باپیرانمان به گیان و خوێنى خۆیان دروستیان كرد و، ئه‌مڕۆش پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانمان به گیان و خوێنى خۆیان ده‌یپارێزن.
سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان. سه‌ركه‌وتن و سه‌فرازى بۆ پێشمه‌رگه. ئێوه‌ش هه‌موولایەكتان به‌خێر بێن. سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئەم بەشدارییە. هیوادارم لە مەراسیمی دیكەدا بەشدار بین بۆ ئەوەی قوتابخانەی زیاتر لەلایەن كەرتی تایبەتەوە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت.
زۆر سوپاس
