دوای كۆنترۆڵكردنەوەی لەلایەن پێشمەرگە حەشدی شەعبی هێزی دیكه رەوانەی بەشیر دەكات
گوندی بەشیر، لە باشووری كەركووك، كە رۆژی یەكشەممە 1-5-2016 لەلایەن پێشمەرگە لەدەستی داعش ئازاد كرا، بووەتە سەربازگەیەكی گەورە بۆ چەكدارانی حەشدی شەعبی، ئەو چەكدارانە كە هێشتا دۆسیەی ئەمنی ئەو گوندەیان لەدەست نەگرتووە، بەنیازن لیوایەكی دیكە بهێننە گوندەكە و دۆسیەی ئەمنی بگرنەئەستۆ.
مەیسم زەیدی، فەرماندەی فیرقەی عەباس بۆ رووداو رایگەیاند "ئەو هێزەی كە لەگوندی بەشیر دەمینێتەوە، لیوای "ئال بەنینە"، كە سەر بە فیرقەی عەباسە و چەكدارەكانی خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراقن. فەوجێك لە بەشیریش دەخرێتە پاڵیان و پێگەی بەهێزمان هەر دەمینێت و لیوای 16ی حەشدی توركمانیش دەچێتە پێش بۆ وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی".
پێشمەرگە، كە بۆ كۆنترۆڵ كردنەوەی ئەو گوندە دوو شەهید و 17 برینداری داوە، نایەوێت دۆسیەی ئەمنی ئەو گوندە بگرێته دەست و رێگە بەهیچ هێزێكیش نادات لەسەنگەرەكانی دەرەوەی بەشیر هاوبەشیان بێت.
عەمید تەها رەزا، فەرماندەی لیوای دووی تایبەتی پێشمەرگە گوتی "ئێمە لە دەرەوە بەشیر دەپارێزین، بۆ ئەوەی ئەو خەڵكانەی دوای پاككردنەوەی بۆمبەكان دەگەڕێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان بتوانین سەر و ماڵیان بپارێزین. هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەتوانێت ئەو سەنگەرانە بپارێزێت، هێزی تەواومان هەیە و پێویست بەهێزی دیكە ناكات لەو سنوورە".
نزیكەی 15 سەرایە و فەوجی حەشدی شەعبی لە سنووری كەركووك جێگیربوونە. هەموویان بارەگاكانیان گواستووەتەوە نێو گوندی بەشیر و داوا لەهێزەكانی پێشمەرگە دەكەن بۆمبە چێندراوەكانیان بۆ پوچەڵبكەنەوە تاوەكو جارێكی دیكە ژیان بۆ بەشیر بگەڕێتەوە.
