مستەفا چاوڕەش: ئیتر کاتی خواخافیزییە لە بەغدا و ئەوە عێراقە کە پەرلەمانەکەی بووەتە منداڵبازاڕی و عەگال وەشاندن
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند: ھیچ شتێک بەناوی عێراق نەماوە و وادەی مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆییە، گوتی: "کە وڵاتێک نەما بەناوی عێراق و ھیچ قانوون و سەروەرییەکی نەما، ئیتر کورد چی دەکا لە بەغدا کە بۆ کورد بووەتە مایەی سەرئێشە، ئیدی دەبێ کورد لەوە بگات کە عێراق ھەبێ یان نەبێ ھیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەو نابێ".
گوتیشی: کاتی ئەوەیە نوێنەرانی کورد بە تەواوی لە بەغدا بێنەوە و قیادەی کوردستان کۆ ببێتەوە و لەو عێراقە ھەڵوەشاوەیە دوور بکەوێتەوە".
چاوڕەش ھێمای بۆ ئەوەش کرد،: "ئیتر کاتی خواخافیزییە لە بەغدا و ئەوە عێراقە کە پەرلەمانەکەی بووەتە منداڵبازاڕی و عەگال وەشاندن".
لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لە ھەرێمی کوردستان، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی پێی وابوو کاتی رێکخستنی ناوماڵی کوردستانە و دەبێ کورد لەوەشیاندا و بۆ ریفراندۆمیش پەلە بکات، گوتی: "ریفراندۆم حەقی شەرعیی ھەرێمی کوردستانە و ھەموو میللەتێک مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات".
لەبارەی جیاوازییە سیاسییەکانی کوردستانیشەوە لەسەر ئەو پرسە، مستەفا چاوڕەش، گوتی: "پێم وانییە ھیچ لایەن و کەسێک ھەبێ لە کوردستان لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندا نەبێ، بەڵکو پێویستە ئیتر ئەوە لە شیعاردا نەمێنێتەوە و بە کردار ئەنجامی بدەین".
لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ریفراندۆم، کە لەلایەن مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە ئاشکرا کرا، مستەفا چاوڕەش رای گەیاند، پارتی و یەکێتی کارێکی باشیان کردووە کە لەسەر ئەو پرسە رێک کەوتوون، بەڵام رێککەوتنی ئەو دوو لایەنە بۆ ئەو پرسە چارەنووسسازە بەس نییە، گوتی: "ھەموو لایەنێک پێویستە بەشداری لەو رێککەوتنەدا بکەن و لەو رێگەیەوە ناوماڵی کوردستان رێک بخەنەوە، بەشێوەیەک ھەر لایەنە و بەپێی قەبارەی خۆی بەشداری لەو پرسە گەورەیەدا بکات و بەشدار بێت لە سەرخستنی دەنگی (بەڵێ) بۆ ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان".
لەبارەی سنوورەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوە کە ئێستا پێشمەرگە خەندەقی لێ داوە لە بەرامبەر بە چەکدارەکانی داعش کە ئەوە دواسنووری کوردستان دەبێ، مستەفا چاوڕەش رای گەیاند، ئەو خەندەقانە دوا سنووری کوردستان نابن و تەنیا بۆ دیفاعی پێشمەرگەیە، گوتی: "سنووری کوردستان سنوورێکی سروشتییە کە حەمرینە و ریفراندۆم چارەنووسی ئەو سنوورانە دیاری دەکات و رێکی دەخات".
لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندی (بەشیر)یش لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە، کە ئاوارەی تورکمانە شیعەکان بەو ھۆیەوە ئاڵای کوردستانیان بەرز کردووەتەوە، چاوڕەش گوتی: "دوو ساڵە حەشدی شەعبی خۆی گیڤ دەکاتەوە و دێت و دەڕوات و دەبابە دەھێنێ بەڵام ھیچی بۆ نەکرا، ئەوەبوو پێشمەرگە توانی ئەو ناوچانە لەدەستی داعش پاک بکاتەوە، ئەگەر تورکمانەکانیش ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە ئەوە لەوە گەیشتوون کە کورد لە دژی کەس نییە و کوردستان وڵاتی پێکەوەژیان دەبێت، ئازایەتیی پێشمەرگە ئیسپاتی کردووە کە دیفاع لەوانیش دەکات و ئەوانیش متمانەی تەواویان بە پێشمەرگە بۆ دروست بووە، کە ئەوەش بۆ داھاتووی ئەو ناوچانە گرنگە ئەگەر تورکمانەکان بیانەوێ لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بن، ئەوەش دەبێتە پاڵپشتی بۆ دەنگی کوردەکان".
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندی بەشیر لەلایەن پێشمەرگە بەرامبەر بە کشانەوەی حەشدی شەعبی نییە لە خورماتوو، بەڵکو ئەو دوو پرسە جیاوازن و پێشمەرگە بە پێویستی زانیوە بۆ دوورخستنەوەی داعش و داھاتووی ئەو ناوچانە بە کوردستانەوە گوندی بەشیر کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، گوتی: "پێشمەرگە گوندی بەشیر کە کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە حەشدی شەعبیی تێدا نییە، داعشی تێدایە، لەبەرئەوە بە ھیچ شێوەیەک نایداتە دەستی حەشدی شەعبی تاوەکو ئەوان خورماتوو چۆڵ بکەن، بەڵکو حەشدی شەعبی خۆی دەبێ خورماتوو چۆڵ بکات کە بەناوی رزگارکردنی گوندی بەشیر ھات و نەیتوانی ئەوە بکات".
باسنیوز
