لە میحوەری بادۆش هێزی پێشمەرگە، سێ هامەری داعش تەقێنرانەوە

لە میحوەری بادۆش هێزی پێشمەرگە، سێ هامەری داعش تەقێنرانەوە
سەرچاوەیەک لە هێزی تایبەتی یەکی بەتالیۆنی کۆماندۆ بە رووداوی راگەیاند "چەند جارێک داعش هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، سێ ئۆتۆمبێلی جۆری هامەری داعش کە بۆمبڕێژکرابوون، پێش گەیشتنیان بەو شوێنەی خۆیان مەبەستیان بوو، لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێندرانەوە".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی:" تاوەکو ئێستا شەڕ بەردەوامە و لە ریزەکانی داعشدا چەندین کوژراو و بریندار هەن، هاوکات دوو پێشمەرگەش برینداربوون".

ئەو هێرشەی داعش هاوكاتە لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر میحوەرەکانی: تلسقۆف، خازر، باشیک گوێڕ و ناوەران.

بەپێی سەرچاوەیەکی پێشمەرگە لە میحوەری تلسقۆف رایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش دەستیان بە تۆپبارانکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کرد و ئێمەش وەڵاممان دانەوە". لە میحوەری خازریش داعش هێرشیكرد و زیاتر لە 3 كاژێرە شەڕ بەردەوامە. هاوكات فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە بەرزاییەكانی گوندی وەردەكەوە رایگەیاند، چەكدارانی داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشیانكردووە و دەیانەوێت بەرزاییەكانی ئەو گوندە كۆنترۆڵ بكەن.

لە میحوەری باشیک و لەنزیک هێزەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ دوو خۆکوژی داعش خۆیان تەقاندەوە، بەڵام هیچ پێشمەرگەیەك شەهید و بریندار نەبووە، هەروەها لە میحوەری گوێڕەوە عەمید فەتاح ئیبراهیم، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی فەرماندەی كاوەی هێزی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند" لە كاژێر 06:00 ى بەرەبەیانی ئەمڕۆ داعش هێرشی بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە كرد ، لەو شەڕەدا كە لە گوندی (ئەبو شیتا) بوو تاوەكو ئێستا دوو پێشمەرگە بریندار بوون ‌و داعشیش زیانی هەبووە، بەڵام زیانەكانیان نەزانراوە".






روداو
Top