پارتی دیموكراتی كوردستان دەست بە چاکسازیی ناوخۆیی دەکا
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕگەیاند: پارتی بەم نزیکانە دەست دەکات بە چاکسازییە ناوخۆییەکانی و کۆمەڵێک گۆڕانکارییش ئەنجام دەدا.
بەپێی زانیارییەکان، پارتی سەرەتا گۆڕانکاری لە ھەندێک لە بەرپرسانی لقەکانی دەکا و کەسانی دیکە لە شوێنیان دادەنێت.
لەو چاکسازییانەیدا پارتی گۆڕانگاری لە سیستەمی دارایی حزب و دەزگای وەبەرھێنانیشدا دەکات، ھەروەھا گۆڕانکاری لە ھەندێک مەکتەبی ناوەندیدا دەکات، لەوانە مەکتەبی ڕێکخستن و ھەڵبژاردن.
رۆژی دووشەمە ٢ی ئایاری ٢٠١٦ لە پیرمام، مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەتەوە و تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش چۆنیەتیی جێبەجێکردن و میکانزمی چاکسازییەکانی نێو پارتی بووە.
ئەڤین ھروری، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەو حزبە ڕاگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پێداگری و سووربوونی خۆی لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی دووپات کردووەتەوە.
ھروری گوتیشی: «رۆژی پێنجشەمە ٥ی ئایار، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی کۆ دەبێتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ڕەوشی عێراق و کوردستان و پرۆسەی چاکسازیش دەکرێت».
ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتی کردەوە، لەو کۆبوونەوەیەی سەرکردایەتیی پارتیدا، بارزانی باسی وردەکاریی پرۆسەی چاکسازی و دۆسییەکانی چاکسازی دەکات، گوتیشی: «ھەنگاوەکان دەستیان پێ کردووە و دەشبینین و دەبیستین کە بەرپرسانێک دەستگیر دەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت».
ڕۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠١٦، سەرۆك بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند بڕیارێکی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لەنێو حزبەکەی دەرکرد.
ئەڤین ھروری لە دیمانەیەکی تایبەتدا، کە لەم ژمارەی(باس)دا بڵاو بووەتەوە، دەڵێ: «ئەگەر کەسێکی باڵای پارتی ناوی لەناو گەندەڵکارەکاندا ھەبێت و گەندەڵییەکەی بەسەردا ساغ ببێتەوە، ئەوا چی دیکە لەناو حزبدا جێگەی نابێتەوە، ئەگەر کەسێک گەندەڵیی کردبێت تەنیا ئەوە بەس نییە کە ئەو سەروەت و سامانەی کە بە ناشەرعی دەستی کەوتووە لێی بسێنیتەوە، بەڵکو دەبێت ھەندێک ڕێوشوێنی مەعنەوییش ھەیە لێی وەربگریتەوە و پلەکەشی لێ وەربگیرێتەوە».
ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتی دەکاتەوە، لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بڕیار دراوە گۆڕانکاری بکرێت لە ئۆرگانەکانی پارتی، لەوانە کەمکردنەوەی ھەندێک ئۆرگان و لێکدانی ھەندێک ئۆرگانی دیکەی حزب. دەشڵێت: «ھەندێک بەرپرسی نێو پارتی گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، ئەوەش دەبێتە چاکسازیی نێو حزب، ھەندێک بەرپرسی پارتی ھەیە جەماوەری پارتی لە ڕەفتار و ئەدای ئەوان ڕازی نین، بۆیە ئەوانە لا دەبرێن».
ھروری، گەشبینیی خۆی بەرامبەر چاکسازییەکانی سەرۆك بارزانی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: «ئەوەی ئێستا ھەیە ھەنگاوی بچووکن، چاوەڕوانی ھەنگاوی گەورەتر دەکەین، ئەگەر خەڵک بێ ئومێدن لەوەی خەڵکانی باڵادەست و خاوەن بڕیار کە لە گەندەڵی تێوە گڵاون نەچنە بەردەم دادگا، ئەوا ئەوانیش دەبرێنە بەردەم دادگا، مانای ڕاستەقینەی چاکسازییش ئەوەیە، بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕ بە چاکسازی بکەن».
باسنیوز
