محەمەدی حاجی مەحمود داوادەكات كورد سەرجەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا رابگرێت

محەمەدی حاجی مەحمود داوادەكات كورد سەرجەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا رابگرێت
محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان داوادەكات كورد پەیوەندی لەگەڵ بەغدا رابگرێت و بەشداری لە ئازادكردنەوەی موسڵ نەكات، ئەوەش وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر هێرشكردنە سەر ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لەلایەن خۆپیشاندەرانی بەغداوە.

لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانتارانی كورد لەبەغداوە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، دوای كۆنترۆڵكردنی تەلاری پەرلەمانی عیراق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لەرۆژی 30 مانگی رابردوودا.

بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لەژێر گەمارۆی خۆپیشاندەراندا لەتەلاری پەرلەمانی عیراق رزگاركران.

محەمەدی حاجی مەحمود لە وتارێكدا كە بۆ خەندانی ناردووە، داوادەكات هەرچی زووە مەسعود بارزانی كۆبونەوەیەك لە گەڵ ئەو حزبە كوردستانیانە و لایەنە پەیوەندارانەدا بكات كە خۆیان بە خاوەنی بریار دەزانن و كوردیان خستۆتە ئەو حاڵەتەی ئێستا كە بەغداد وەك نە تەوەیەك مامەڵە لەگەل كورد ناكات بەڵكو وەك لیستێك لەلیستی هەڵبژارن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

هەروەها داوادەكات لەو كۆبونەوەیەدا "بریار بدرێت ئەو تاكەتاكە كوردەش كە لە بەغداد ماوە وخۆی شاردۆتەوە بگەرێتەوە كوردستان بە جەنابی سەرۆك كۆماریشەوە، چونكە جێگای كورد لە بەغداد نەماوە و با چی تر سوكایەتی بە كورد نەكرێت، هەروەها بە بریارێكی سیاسی كورد سەرجەم پەیوەندی ئیداری عێراقچێتی لەگەڵ بەغدا رابگرێت."

محەمەدی حاجی مەحمود بەپێویستیشی دەزانێت، لە كۆبونەوەیەكی سەرجەم حزبە كوردستانیەكاندا لەگەڵ مەسعود بارزانی بۆچارسەری كێشە ناوخۆیەكان و بە گەر خستەنەوەی پەرلەمان و كاراكردنەوەی حكومەت و خۆئامادەكردن بۆ هەر گۆرانكاریەك و هەر رووبەروو بونەوەیەك سازبكرێت.


جەختشییكردووەتەوە، پێویستە كورد بە شداری نەبێت لە ئازادكردنی موسڵ لەگەڵ عێراق، واتە كورد چۆن تا ئێستا شەری داعشی كردوە بۆخۆی هەروا بروات.
Top