داعش بە گازی خەردەل بەشیر بۆردوومان دەكات
نەقیب قادر ئەجمەد جێگری فەرماندەی هێزە رەشەكە رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا چەكدارانی داعش پێنج گوللە هاوەنیان ئاراستەی گوندی بەشیر كرد كە چەكدارانی حەشدی شەعبی تێدایە و بەو هۆیەوە 13 چەكداری حەشد بریندار بوونە و هێزەكانی ئێمەش بۆ هاوكاریان چوونەتە نێو گوندەكەوە"
بریندارەكانی حەشدی شەعبی رەوانەی بنكەی تەندروستی شارەدێی تازە كراون و بەگوتەی فەرماندەیەكی ئەو چەكدارانە "داعش لە گوللە هاوەنەكاندا گازی خەردەلی بەكارهێناوە".
عسام ئەلحوسێنی فەرماندەی فەوجی بەشیری حەشدی شەعبی دەڵێت: "ئاسەواری سووتان بە لەشی چەكدارەكانمانەوە دیارە و ئاسەوارەكانی هاوشێوەی ئاسەواری ئەو كەسانەیە كە پێشتر لە شارەدێی تازە بەو جۆرە گوللە هاوەنە بریندار ببوون"
مانگی رابردوو چەكدارانی داعش كە ئەو كات گوندی بەشیر لەژێر كۆنترۆڵی ئەوان بوو بە گازی خەردەل بۆردوومانی شارەدێی تازەیان كرد و بەو هۆیەشەوە كچ و دایكێك گیانیان لە دەست داو و زیاتر لە 300 كەسی دیكەش بریندار بوون و بۆ چارەسەركردنی سەردانی بەغدا و توركیایان كرد.
ئێوارەی رۆژی 30-4-2016، دوایین ساتەكانی چەكدارانی داعش بوو لە گوندی بەشیر. ئەو گوندە توركمانییەی لە مانگی شەشی ساڵی 2014 دوای شەڕێكی چەند كاژێری لەگەڵ سوپای عێراق، دەستیان بەسەردا گرت و لەوكاتەوە وەك شوێنێكی ستراتیژی بەكاریان دەهێنا بۆ پەلاماردانی خورماتوو و كەركووك و ئەو شوێنانەی دیكە كە بەدەست هێزی پیشمەرگەوەن. لە كۆتاییدا بە خوێنی سێ شەهید و 17 پێشمەرگەی بریندار، گرێی بەشیر كرایەوە.
