"با حەشدیشەعبی لە سنووری کەرکووک بکشێتەوە"
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان (عەدنان کەرکووکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بڕیارە گوندی بەشیر ڕادەستی تورکمانەکان بکرێت کە لەو گوندەدا نیشتەجێن و حەشدیشەعبی لەوناوچەیە بکشێتەوە، بەڵام زەحمەتە بکشێتەوە."
دەیشڵێ، ئێستا پێشمەرگە لە دەرەوەی گوندەکەدا سەنگەریان گرتووە و ناو دێیەکەش وێران بووە، بەڵام بە ڕای ئێمە حەشدیشەعبی دەبێ نەک هەر لە بەشیر، بەڵکو پێویستە لە تازە و داقووق و خورماتووش بکشێنەوە، لەبەر ئەوەی ھیچ کارێکیان لەو ناوچانە نییە.
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، مانەوەی حەشدیشەعبی لە ناوچەکە کێشەیە و ھیچ سوودێکی نییە؛ دیارە ئەوان پلانی خۆیان ھەیە و ئەمەیان کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی ھێزی خۆیان لە ناوچەکە زیاد بکەن، ئەمەش مەترسییە بۆ کەرکووک.
باسی لەوەش کرد، مانەوەی حەشدیشەعبی بەو ژمارەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی دەکەن مەترسی دەبێت بۆ سەر پارێزگای کەرکووکیش.
