ئومێد خۆشناو: عێراق بەرەو تابووتی مەرگ دەڕوات

ئومێد خۆشناو: عێراق بەرەو تابووتی مەرگ دەڕوات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، شتێک نەماوە بە ناوی عێراق و ئەو وڵاتە ”بەرەو تابووتی مەرگ دەڕوات“.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، بە خۆشیی گەلی کوردستان و سەربەرزی و ئاسودەیی شەھیدانی ڕێگای ئازادی و دیموکراسی، سوپاس بۆ خودای گەورە و میھربان و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، تادێت نزیک دەبینەوە لەمەرگ ونەمانی وڵاتێک بەناوی عێراق.

ئومێد خۆشناو پێیوایە رووداوەکانی رۆژی شەممەی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق و سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتاران، ”قایمکردنی دوابزماری تابووتی مەرگی عێراق بوو“.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دەکات، کە ”لەو ماڵانەی عێراقچین“، پرسە بۆ رووداوەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و لەو شوێنانەش، کە خەڵکەکەی باوەڕی بە عێراقیبوون نییە، ”ئاهەنگ“ بەڕێوەدەچێت.

رۆژی شەممە 30ـی نیسانی 2016، دوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی دواتر، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمانی عێراق و داگیریان کرد و گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتیکردن بە ئارام شێخ محەمەد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و عەمار توعمە، سەرۆکی کوتلەی فەزیلە بڵاو کردەوە.




باسنيوز
Top