سعودیە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دەگوازێتەوە
باڵیۆزی سعودیە لە عێراق ئاشکرادەکات کە سەرجەم کارمەندەکانی باڵیۆزخانەکەمان بۆ ئۆتێلێک گواستوەتەوە و ئەوەش بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی کارمەندەکانە.
رۆژی یەکشەممە 1ـی ئایاری 2016، سامر سەبھان، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق رایگەیاندووە، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا و چوونی خۆپیشاندەران بۆ باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پاراستنی گیانی کارمەندانیان، ئەو بڕیارەیان داوە.
سامر سەبهان بە رۆژنامەی وەتەنی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان گواستووەتەوە هۆتێلێکی پارێزراو لەشاری بەغدا لە رووی ئەمنییەوە.
بەپێی رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، پاراستنی گیانی باڵیۆز و کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتی خانەخوێ.
رۆژی شەممە 30ـی نیسانی 2016، دوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی دواتر، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمانی عێراق و داگیریان کرد و گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتارانیان بڵاو کردەوە.
باسنيوز
