هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆشکی کۆماری کۆدەبنەوە
دوای ئەوەی رۆژی شەممە 30-4-2016 پەرلەمانی عێراق لەلایەن خۆپیشاندەران و لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا دەستی بەسەرداگیرا، بڕیارە ئەمڕۆ، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە پێکهاتوون لە: سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆشکی کۆماری کۆببنەوە.
پەیامنێری رووداو لەبەغدا گوتیشی" کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەبێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی عێراق هێوربکەنەوە و تاوتوێی باشترکردنی دۆخەکە بکەن.
لەبارەی رەوشی ئەمنیی بەغدا-ش، مستەفا گۆران ئاماژەی بەوەکرد، دوای هەڵکوتانە سەر پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە تاوەکو ئێستا دۆخی ئەمنی بەغدا ئاسایی نەبووەتەوە و بەشێکی زۆری رێگاکانی نێو بەغدا داخراون.
ئێستا هیچ خۆپیشاندەرێک لە نێو پەرلەمانی عێراق و دەوربەری نەماون، هەروەها پەرلەمانی عێراق لەلایەن باڵی سەربازیی رەوتی سەدر کە بە سەرایا سەلام ناسراون پارێزگاری لێدەکرێت.
روداو
