سەرۆك بارزانی سوپاسی كرێكارانی كوردستان ده‌كات

 سەرۆك بارزانی سوپاسی كرێكارانی كوردستان ده‌كات
سەرۆك بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی كرێكارانه‌وه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌.



په‌یامه‌كه‌ی سەرۆك بارزانی له‌ په‌یجی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌"بێگومان ئەو وڵاتە دەتوانێ لەڕووی ئابوورییەوە پێشبكەوێت كە كرێكاران بە ئاسوودەیی بتوانن خزمەتی وڵاتی خۆیان بكەن بێ ئەوەی مافەكانیان پێشێل بكرێت و سەندیكا و ڕێكخراوە داكۆكیكارەكانیان بەهێز و چالاك بن".



ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی ، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌:-



بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كرێكارانی خۆشەویستی كوردستان و هەموو كرێكارانی جیهان دەكەم و هیوای خۆشی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.



كرێكاران چینێكی ماندوو و خاوەن مافی كۆمەڵگان و ڕۆڵی سەرەكی و بنیاتنەریان لە گەشەپێدانی ئابووری و پێشكەوتنی وڵات و ئاوەدانیدا هەیە. بێگومان ئەو وڵاتە دەتوانێ لەڕووی ئابوورییەوە پێشبكەوێت كە كرێكاران بە ئاسوودەیی بتوانن خزمەتی وڵاتی خۆیان بكەن بێ ئەوەی مافەكانیان پێشێل بكرێت و سەندیكا و ڕێكخراوە داكۆكیكارەكانیان بەهێز و چالاك بن. خەبات و تێكۆشانی كرێكاران بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری و داواكارییەكانیان ڕەوان و پێویستە هەموو لایەكمان پشتگیری لە ماف و داواكارییەكانیان بكەین لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتیدا.



بە پێویستی دەزانم لەم بۆنەیەدا سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی كرێكارانی ئازیزی كوردستان بكەم كە هەمیشە تەحەمولی قەیرانی دارایی و دۆخە سەختەكانیان كردووە و بەردەوامن لە خزمەتكردنی وڵاتەكەیان.
Top