یەکەم مۆزەخانە بۆ کەلوپەلی‌ شەهیدانی‌ پێشمه‌رگه‌ کرایەوە

یەکەم مۆزەخانە بۆ کەلوپەلی‌ شەهیدانی‌ پێشمه‌رگه‌ کرایەوە
ئەمرۆ لە قەزای‌ چەمچەماڵ لە مەراسیمێکدا مۆزەخانەیەکی‌ تایبەت بە کەلوپەلی‌ پێشمەرگە شەهیدەکانی‌ شەڕی‌ دژ بە داعش کرایەوە .

لەو مەراسیمەدا کە خانەوادە و کەسوکاری‌ شەهیدان و هاورێ و هاوسەنگەرانیان ئامادەی‌ بوون محمودی‌ حاجی‌ ساڵەح وەزیری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان وتەیەکی‌ پێشەکەش کرد و وێرای‌ دەستخۆشی‌ لە مۆنۆمێنتی‌ ئەنفال هەوڵەکانیانی‌ بۆ ناساندنی‌ تاوانەکانی‌ دژ بە گەلی‌ کورد خستە روو .

فریارڵ فەیسەڵ ، خاوەنی‌ بیرۆکەکە راگەیاند " ماوەی‌ دوو ساڵە بە هاوکاری‌ کەسوکاری‌ شەهیدان سەرقاڵی‌ کۆکردنەوەی‌ کەلوپەل و پارە و جل و بەرگی‌ سەربازی‌ شەهیدەکانم کە لە دوای‌ خۆیان بەجێیان هێشتووە، هەروەها ماوەیەکە سەرقاڵی‌ دۆزینەوەی‌ شوێنێکی‌ گونجاوین و بە هاوکاری‌ قائیمقامی‌ چەمچەماڵ و مۆنۆمێنتی‌ ئەنفال ئەمرۆ پێشکەشی‌ مۆنۆمێنتی‌ ئەنفالمان کرد لە قەزای‌ چەمچەماڵ".

وتیشی‌ " لەم مۆزەخانەیەدا کەلوپەلی‌ ٢٠٠ پێشمەرگەی‌ شەهید دانراوە بۆ ئەوەی‌ بە شاراوەیی‌ نەهێڵریتەوە و نوێنەری‌ وڵاتان و میوانانی‌ دەرەکی‌ بتوانن بیبین و سەردانی‌ بکەن".

هەر لەو مەراسیمەدا پرۆتۆکۆڵی‌ پێشکەشکردنی‌ کەلوپەلەکان لەلایەن وەزیری‌ شەهیدان و مۆنۆمێنتی‌ ئەنفال و فریال فەیسەڵەوە واژۆکرا و خەڵاتی‌ رێزلێنانی‌ مۆنۆمێنتی‌ ئەنفال پێشکەشی‌ ئەو خاتوونە کرا لە بەرامبەر هەوڵەکانی‌ و پاراستنی‌ کەلوپەلی‌ شەهیدان .


لای‌ خۆیەوە هابیل ئەحمەد، بەرێوەبەری‌ مۆنۆمێنتی‌ ئەنفال بە خەندانی‌ راگەیاند "ئەمرۆ مۆزەخانەیەکی‌ تایبەت بە کەلوپەلی‌ شەهیدان و یادگاریەکانیان لە مۆنۆمێنتی‌ ئەنفال لە قەزای‌ چەمچەماڵ کرایەوە و رۆژانە و بە رۆژە پشوەکانیشەوە کراوە دەبێت بۆ ئەوەی‌ وەفدە بیانیەکان بتوانن سەردانی‌ بکەن".

وتیشی‌ " هەوڵدەدەین لە قۆناغی‌ داهاتوودا مۆزەخانەکە فراوانتر بکەین و لێرەشەوە داوا لە سەرمایەدارەکان دەکەین کە ئەمە سەروەتێکی‌ نیشتیمانیە با هاوكاربن و ئەم یادەوەریانە بۆ نەوەی‌ داهاتوو بپارێزین".
Top