ئەشواق جاف: پێشمەرگە منیان رزگاركرد
ئەشواق جاف پەرلەمانتارى کورد لە سەر لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان ئەمڕۆ ٣٠ى نیسانى ٢٠١٦ ڕاگەیاند، لە دواى ئەوەى خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر پەرلەمانى عێراق، ئەو دوایین پەرلەمانتارى کورد بووە، لە ناو پەرلەماندا بووە.
ئاماژەى بەوەشکرد، بە هەوڵى پێشمەرگەکان و بە هاوکاریى بەشێک لە لایەنگران و پەرلەمانتارانى سەدر لە دەستى خۆپیشاندەران ڕزگار کراوە.
ئەوەشى خستەڕوو، بەشێک لە خۆپیشاندەران بە شوشە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ئۆتۆمبێلەى کە ئەوى تێدا بووە و خۆپیشاندەران وتویانە "نابێت ئەو پەرلەمانتارە ببرێتە دەرەوە".
بەپێى قسەکانى ئەو پەرلەمانتارە، تا ئێستا لە ناوچەى سەوزدایە و هەوڵ دەدرێت لە ناوچەى سەوزیش ببرێتە دەرەوە و تاوەکو بە تەواوەتى لە دەستى خۆپیشاندەران ڕزگارى بێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٦ ژمارەیەک خۆپیشاندەران لە شارى بەغدا چوونە ناو بینای پەرلەمانەوە و دەستیان بە سەر باڵەخانەی پەرلەماندا گرت.
