ژنانی پێشمەرگە بەشداری شەڕی گرتنەوەی بەشیر دەكەن

 ژنانی پێشمەرگە بەشداری شەڕی گرتنەوەی بەشیر دەكەن
هێزی پێشمەرگەی ژنان كە لەفەوجێكدا رێكخراون و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن بەرەو شاری كەركووك بەڕێكەوتن بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی رزگاركردنەوەی گوندی بەشیر و دورخستنەوەی چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ژنانیش ئاماژە بەوە دەدات راهێنان و ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ بەشداری كردنی ئەو شەڕە.


لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی هێزەكانی پێشمەرگە دەستی پێكردووە بۆ رزگاركردنەوەی گوندی بەشیر (دەكەوێتە دووری 27 كم لە باشووری رۆژئاوای كەركووك و 7 كم لە خورماتووەوە د,ورە، لە ناوەڕاستی 2014 ەوە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوە).


فەوجێكی تایبەتی هێزی پێشمەرگەی ژنان كە بارەگای سەرەكیان لە ناوچەی فەرماندەیی نزیك شاری سلێمانییە، بە فەرماندە و بەرپرس و دەیان پێشمەرگەی فەوجەكەوە بۆ بەشداری كردنی ئەو شەڕە بەرەو گوندی بەشیر بەڕێكەوتن.


فەرماندەی فەوجی هێزی پێشمەرگەی ژنان ناهیدە ئەحمەد لەو بارەیەوە رایگەیاند "دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێرشەكان بۆ رزگاركردنەوەی گوندی بەشیر لەدەست چەكدارانی داعش دەستیان پێكرد، ئێمە وەك فەوجی ژنان بەشداری دەكەین لەو شەڕەدا و خۆمان ئامادە كردووە و دەڕۆینە بەشیر و شان بەشانی برا پێشمەرگەكانمان بەشدار دەبین و ئەو ئەرك و راسپاردانەی پێمان دەدرێت جێبەجێی دەكەین".


ناهیدە گوتیشی "بەشداریكردنی ئێمە وەك فەوجی ژنان بە دوو شێواز دەبێت، یەكەم لە بەشداریكردنی بازگەكانی ئەو ناوچەیە و ئەنجامدانی كاری پشكنینی ئەو ژنانەی لەو ناوچانەوە هەڵدێن، ئەركەكەی تریشمان وەك هەر پێشمەرگەیەكی تر بەشداریكردنە لە رووبەڕووبوونەوە و شەڕی دژ بە داعشدا لەو ناوچەیە".


لە سەرەتای شەڕی داعشەوە هێزی پێشمەرگەی ژنان هاوشانی پێشمەرگە و هێزەكانی تر بەشداری شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشیان كردووە، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2014 یەكەم فەرماندەی پێشمەرگەی ژن ( نەقیب رەنگین یوسف) لەسەر دەستی چەكدارانی داعش لە هێرشێكی داعشدا لە بەرەكانی جەنگ لە سنوری كەركوك بووە قوربانی و دوو پێشمەرگەی تری ژن برینداربون.
Top