لە باشیك 20 تیرۆریست كوژران.. چەك و تەقەمەنییەكی زۆر كەوتە دەست پێشمەرگە

لە باشیك 20 تیرۆریست كوژران.. چەك و تەقەمەنییەكی زۆر كەوتە دەست پێشمەرگە
ئەمڕۆ لە میحوەری باشیك، زیاتر لە 20 تیرۆریستی داعش كوژران، بە دەیانی دیكەیش بریندار بوون و، چەك و تەقەمەنییەكی زۆریش كەوتووەتە دەست هێزی پێشمەرگە.
(عەریف بەهرام یاسین) فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەعات 5ـی بەیانیی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش لە دوو لاوە هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، كە هەموو مەبەستیان ئەوە بووە بەسەر چیای باشیكدا سەر بكەون، بەڵام بە هۆی ورەبەرزیی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكاندا، تیرۆریستانی داعش نەیانتوانی یەك هەنگاو بێنە پێشەوە و، هەر زوو لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە هێرشەكەیان پووچەڵ كرایەوە".

(عەریف بەهرام) گوتیشی: "لەو شەڕەدا كە فڕۆكەی هاوپەیمانان بەشدار بوون، زیانێكی زۆر بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە، كە زیاتر لە 20ـیان لێ كوژراون و بە دەیانی دیكەیش بریندار بوونە، هەروەها هەندێك چەك و تەقەمەنیی وەك بیكەیسی و ئاڕپیچی و هەندێك كڵاشینكۆف كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگە".

دەشڵێت: "ئێمە زانیاریمان هەبوو كە پێش چەند ڕۆژێك زیاتر لە 200 داعش هاتبوون بۆ گرتنەوەی چیای باشیك، بەڵام خۆمان بە باشی ئامادە كردبوو و توانیمان شكستێكی گەورەیان پێ بەرین، ئێستایش بارودۆخی ناوچەكە ئارامە و هەموو شوێنەكان لە ژێردەستی هێزی پێشمەرگەدان و، بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەكیش لەگەڵ تیرۆرستاندا، لەوپەڕی ئامادەباشیداین".





KDP
Top