هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر داوای سەرۆك بارزانی بەشداری لە شەڕی بەشیردا دەکات

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر داوای سەرۆك بارزانی بەشداری لە شەڕی بەشیردا دەکات
فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە لە سنووری کەرکووک ئاشکرای کرد، لایەنە تورکمانییەکان و خەڵکی ناوچەکە داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، داوای بەشداریکردنی شەڕی بەشیر لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بکات.



د. کەمال کەرکووکی، فەرماندەی باڵای پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، ڕاگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان چەندان هەوڵیان بۆ ڕزگارکردنەوەی گوندی بەشیر داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشتیوانیی هاوپەیمانانیان نەبووە، نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن. گوتیشی: ”لەو ماوەیەدا دانیشتووانی ناوچەکە و لایەنە تورکمانییەکان داواکارییەکیان پێشکەش بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی هێزی هاوپەیمانان بەشدار بێت و لە ڕزگارکردنی بەشیردا هاوکار بێت“.



کەمال کەرکووکی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەسەر داواکاریی بارزانی، سەعات 6ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 30\4\2016، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە چڕی مۆڵگەکانی داعشیان لە گوندی بەشیر بۆردومان کردووە. پێشمەرگەش ئامادەکاریی تەواوی بۆ ڕزگارکردنەوەی سنوورەکە کردووە. گوتیشی: ”وەک میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، هێزێکی پشتیوانیمان بۆ میحوەری چوار ناردووە کە ئازادکردنی سنوورەکە تایبەتە بە ئەوان، بەڵام تا ئێستا پێشڕەوییەکان هەندێک سستن، چونکە زیاتر لە 2 ساڵە ئەو گوندە بە دەست چەکدارانی داعشەوەیە و بۆمبێکی زۆریان چاندووە، بۆیە لەبەر پاراستنی گیانی پێشمەرگە، پێشڕەوییەکان کەمێک سستن، بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە، بەڵام سەرکەوتنەکان بەردەوامن“.



لە ماوەی ڕابردوودا حەشدی شەعبی بە هەزاران چەکدارەوە هەوڵی ئازاکردنی گوندی بەشیری داوە کە گوندێکی پێکهاتەی تورکمانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش پشتیوانی نەکراون و زۆرتر پشتیوانیی هێزەکانی ئێرانیان هەبوو، نەیانتوانی ئامانجەکەیان بپێکن و زیانێکی زۆریشیان بەرکەوت.



باسنیوز
Top