وەزارەتی ئەوقاف ژمارەیەک مەلای شاری هەولێر لە وتارخوێنی دوور دەخاتەوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە (باسنیوز) لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی ھەولێرەوە دەستی کەوتووە، ڕۆژی 28\4\2016 بە فەرمانێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی ھەولێر، 3 مەلای ھەولێر بڕیاری دوورخستنەوەیان لە پێشکەشکردنی وتاری ھەینی دراوە. بەپێی بڕیارەکە، ھەریەک لە مەلا عوسمان کانی کوردەیی، مەلا خالید گەردی و مەلا ئیدریس کانی کوردەیی لە وتارخوێنیی ھەینیی مزگەوتەکان دوور خراونەتەوە.
لەمبارەیەوە مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زانیارییەکانی (باسنیوز)ی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: ”ئەو 3 مامۆستایە تەنھا لە وتاردان دوورخراونەتەوە، بەڵام مووچەکانیان نەبڕدراوە و لە پێشنوێژیکردن لانەدراون، لەگەڵ ئەوەشدا بۆیان نییە وتار بدەن و خەڵکی دیکە لە جێگەکانیان داندراون“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ھۆکاری بڕیارەکەیان بۆ ھەبوونی تێبین لەسەر شێوازی وتاری ئەو مامۆستایانە دەگەڕێتەوە و گوتی: ”ئەو ڕێوشوێنە بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو نییە و ھەموو کوردستان دەگرێتەوە، لە ماوەی ڕابردووشدا ئەو مامۆستایانە خەڵات کران کە کاری خۆیان بە باشی ئەنجام دابوو“.
(باسنیوز) زانیویەتی کە ئەو مەلایانە، جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، جێگرەوەی ئەو مەلایانەی دیاری کردووە، بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەواندا وتاری ھەینی پێشکەش بکەن.
