نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێم و به‌غدا به‌جددی له‌هه‌وڵدان بۆ كۆتایی هێنان به‌ گرژییه‌كانی خورماتوو

 نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێم و به‌غدا به‌جددی له‌هه‌وڵدان بۆ كۆتایی هێنان به‌ گرژییه‌كانی خورماتوو
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ ئەوەی لە خورماتوو ڕوویداوە شتێكی ناخۆش بوو و ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بە جددی لە هەوڵدایە كۆتایی بەو بارودۆخەی دووزخورماتوو بهێندرێت.



ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ دوای بەكۆتاهاتنی ڕێوڕەسمی واژووكردنی گرێبەستی پارەداركردنی پڕۆژی فراوانكردنی وێستگەی كارەبای سلێمانی لە نێوان دامەزراوەی پارەداركردنی نێودەوڵەتی IFC و كۆمپانیای ماس گڵۆباڵى ناوخۆیی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی بۆ كەنالەكانی ڕاگەیاندن دا و تیایدا لەسەر چەند پرسێك وەڵامی ڕۆژنامەوانانی دایەوە.

سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژەی بەوەدا ئەوەی لە خورماتوو ڕوویداوە شتێكی ناخۆش بوو و ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بە جددی لە هەوڵدایە كۆتایی بەو بارودۆخەی دووزخورماتوو بهێندرێت و هیوای خواست بە هەردوولا بتوانن سنوورێك بۆ ئەو بارودۆخە دابنێن چونكە ئەولەویەتی كارەكانی هەولێر و بەغدا شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشە و بە هیچ شێوەیەك نابێت ناكۆكی و شەڕ لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق لەو شوێنانە دروست ببێت.



سەبارەت بە گەڕانەوەی نەوشێروان مستەفا، ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كوردستان كە ماوەی چەند مانگێكە بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی لە دەرەوەی وڵات بوو، سەرۆك وەزیران بەخێرهاتنەوەی كرد و دڵخۆشی خۆیشی پیشاندا كە بە تەندروستییەكی باشەوە گەڕاوەتەوە كوردستان. دەربارەی كۆبوونەوە و گفتوگۆش لەگەڵ نەوشێروان مستەفا بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا كە تا ئێستا بڕیاری وا نەدراوە كە كۆبوونەوەی لەگەڵ بكەن، بەڵام وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەییان بۆ هەر گفتوگۆ و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسیی كوردستان دەربڕیوە.



دەربارەی وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە و دابینكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لەو قەرزە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەوڵەكانیان لەم نێوەندەدا بەردەوامە و ماوەیەك لەمەوبەریش شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەمان مەبەست لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە دانوستانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق بەردەوامە و تا ئێستا شتێكی بەرچاو لەمبارەیەوە نەبووە و هیوای خواست ئەم هەنگاوانە ئەنجامیان هەبێت.

لەبارەی دانی مووچەی فه‌رمانبه‌رانیشه‌وه‌، جەختی لەوە كردەوە ئه‌گەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان باش ببێت، حكوومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ باشتركردنی مووچە، بەڵام ئێستا ئەوان نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی ئەم هەنگاوە جێبەجێی بكەن.



لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی ئێستا لە بەغدا هەیە، ناوبراو دووپاتی كردەوە كە ئەوان لەو باوەڕەدان ئەولەویەتی ئەمڕۆی عێراق بە شێوەیەكی گشتی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و چۆنییەتی ڕێكخستنەوەی باری ئابووری عێراقە و لە ڕەوشی ئێستادا ئەوان بە پێویستی دەزانن پشتگیریی سەرۆك وەزیران و عێراق بە شێوەیەكی گشتی بكەن بۆ ئەوەی لەم قەیرانە دەربچن، چونكە لەو بارودۆخەدا كاتی ئەوە نییە بەم شێوەیە شەڕ و نائارامی بكەوێتە ناو پەرلەمانی عێراق كە ببێتە هۆكاری ئاڵۆزبوونی ڕەوشی كۆمەڵایەتی لە هەموو عێراق و هیوای خواست هەموولایەك لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن و یارمەتیی سەرۆك وەزیران بدەن بۆ ئەوەی عێراق ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت.






باسنیوز
Top