وەزیری گەشەپێدانی تورکیا: ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ توركیا گرینگە

 وەزیری گەشەپێدانی تورکیا: ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ توركیا گرینگە
جەودەت یەڵماز، وەزیری گەشەپێدانی تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لە دوا پانێلی دیداری ئابووری مێری بۆ ساڵی 2016 رایگەیاند، کاتێک ئاکپارتی دەسەڵاتی گرتەدەست و سەرۆکایەتی حکومەتی تورکیا دەکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوسنوور بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەپێداوە، لەبەرئەوەی سیاسیەت و بیرکردنەوەی ئاکپارتی ئەوەیە کە حکومەتی تورکیا بەبێ هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هاوسنوورەکانی ناتوانێت سەرکەوتنی گەورە لەبواری سیاسی و ئابووری بەدەستبهێنێت.

وەزیری گەشەپێدانی تورکیا هەروەها گوتیشی"لەناوچەکەدا هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا گرینگن و ئێمە بەیەکەوە بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە. سەقامگیری و ئەمنییەتی ئەو ناوچانەش بەتایبەت عێراق بۆ تورکیا گرینگە، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان کە ئێمە هاوئاهەنگی و تێکەڵبوونێکی زۆرمان لە نێواندا هەیە و دەبێت ئەو کولتوورەمان بپارێزین".

جەودەت یەڵماز راشیگەیاند "تورکیا لە زۆر بواردا توانیویەتی ریفۆرم ئەنجامبدات بەتایبەتی لەڕووی ئیداری و ئابووری، دیموکراتیەت و شەفافیەت کە ئەوانە بوونە هۆکارێک بۆ پێشوەچوونی زیاتری کۆمەڵگەی تورکی. هەروەها لەساڵی 2002 ئابووری تورکیا خراپ بوو، بەڵام ئێستا سەیری ئابووری تورکیا بکەن دەبینن کە ئابوورییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاوە گەشەی کردووە و ئاستی بژێوی خەڵکیش زیادیکردووە و بەرەو باشتر چووە ئەوەش بە پلانی پێشوەختە ئەنجامدراوە".






رووداو-
Top