پەیەدە لە ڕفاندنی منداڵان بەردەوامە.. پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ پێشێل دەكات

 پەیەدە لە ڕفاندنی منداڵان بەردەوامە.. پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ پێشێل دەكات
ئەندامێكی كۆمیتەی راوێژكاری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا و، چاودێرێكی كوردستانی رۆژئاوا دەڵێن، پەیەدە بەردەوامە لە ڕفاندنی منداڵان و بەكارهێنانیان لە شەڕكردندا، ئەمەیش كاریگەری لەسەر ئەو ناووبانگە دەبێت كە كورد لە جیهاندا هەیەتی.

‌(فەیسەڵ ئیسماعیل)، ئەندامی كۆمیتەی راوێژكاری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، بۆ ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو كارەی كە پەیەدە دەیكات، ئێمە لێی ناڕازین و پێشتریش ناڕازی بووینە، چونكە كارێكی باش نییە بۆ ناووبانگی میللەتەكەمان، پێشووتریش‌ پەكەكە ئەو كارەی كردووە و خەڵكی لە سووریاوە دەبرد بۆ قەندیل و ئێستایش پەیەدە هەمان كار دەكات و منداڵان دەبەن بۆ شەڕكردن، كە بەپێی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤیش، منداڵان و گەنجانی خوار تەمەنی 18 ساڵی نابێت لە شەڕدا بەشدار بن، لەگەل ئەوەیشدا خەڵكیان لەناو كەمپەكان بردووە كە تەمەنیان نەگەییشتووەتە 18 ساڵی، بۆیە ئێمە ئەو كارە بە كارێكی باش نابینین و ڕەتی دەكەینەوە".

(ئیسماعیل) گوتیشی: "خەڵكی وا هەبووە لە كۆبانی لەبەر پەیەدە خۆی سووتاندووە، هەروەها لە شاری سلێمانییش بە هەمان شێوە، لەبەر ناوەندی ئیدارەی خۆسەری و، لە شوێنی تریش ئەو حاڵەتە دروست بووە، چونكە كارێكی باش نەبووە و ناڕازی بوون پێی".

دەشڵێت: "هێزەكانی پێشمەرگە بە درێژایی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی كورد، هەمیشە ئەو پرەنسیپەیان لە بەرچاو بووە و، ئێستایش كە هێزی پێشمەرگەی كوردستانی رۆژئاوا پێك هێنراوە، بە هەمان شێوە ڕەچاوی ئەوە كراوە كە نابێت منداڵان و گەنجانی خوار تەمەن 18 ساڵ بێنە وەرگرتن و شەڕ بكەن، بەڵام ئەوەی پەیەدە دەیكات، قبووڵكراو نییە و كاریگەری دەكاتە سەر ئەو ناووبانگەی كورد لە جیهاندا هەیەتی".

لەبارەی هەمان پرسەوە، (عارف حەبەشی)، چاودێری سیاسیی رۆژئاوای كوردستان، بەم شێوەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دوا: "پەیەدە لە رۆژئاوادا لە ساڵی 2011 و لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە، هەرچییەكی لە دەست هاتووە كردوویەتی، یەكێك لەو كارانەی پەكەكە ئەوەیە، زۆرێكی لایەنگرانیان زارۆكن و تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە كە نازانن بۆچی چەكیان هەڵگرتووە و شەڕ دەكەن، لە حەلەب و شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و لەعەفرین و كۆبانییش كەسیان هەبووە لایەنگری رژێمی سووریا بوون و هیچ بەرژەوەندییەكی كوردیان لە بەرچاو نییە و بە ناوی كوردان و فەرمانی رژێمی سووریاوە، چەكیان دەدایە دەست منداڵان و كچانیش. هەروەها لە عەفرین بازگەیان دروست كردووە و لە گوندەكانیش چەك بە منداڵان دەده‌ن".

(حەبەشی) گوتیشی: "قسە و گفتووگۆ لەگەڵ ئەوانەدا ناكرێت، بۆیە پارتە سیاسییەكانی تری كورد، ئەو كارەیان شەرمەزار دەكەن و پێیان دەڵێن، ئەوە كاری كوردان نییە، چونكە منداڵان ئەركی دیكەیان لە سەرشانە و پێویستە خوێندنەكەیان تەواو بكەن".

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەیشی دا كە: "داعش و بۆكۆحەرام و ئەبوسەیافی فلیپینی وئەو رێكخراوە تیرۆرستیانەی دروست دەبن، هیچ سوودێكیان بۆ كۆمەڵگا نییە و بگرە تێكی دەدەن، بۆیەیش منداڵان لە شەڕكردندا بەكار دێنن، دەبینین پەیەدە و پەكەكەیش بە هەمان شێوە منداڵان و گەنجانی خوار تەمەن 18 ساڵ بەكار دێنن بەوەی چەكیان پێ هەڵدەگرن كە ئەمەیش دژی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤە و، تێناگەن ئەو كارەی دەیكەن ئەنجامەكەی چی دەبێت".

ئەو هەروەها دەشڵێت: "پەیەدە و پەكەكە، لەو كارەی دەیكەن بەپرس دەبن و پێویستە ڕاگەیاندنی ئێمە و جڤاكی سڤیل لە دژی ئەو كارەیان بوەستنەوە، بگرە ڕەتیان كردووەتەوە و دژیشی وەستاونەتەوە و ژمارەیەك پارتی تری سیاسیی كوردی كە لە رۆژئاوا لە ژێر چەتری ئەنجوومەنی نشتیمانی كوردی سووریادان، ئەو كارەیان چەندان جار شەرمەزار كردووە، بەڵام مخابن پەیەدە گوێ بە هیچ نادات و، ئەو فكرەی ئەوانیش لە كۆمەڵگادا بڵاوی دەكەنەوە كۆمەڵگا تێك دەدات، بۆ نموونە بەر لە شۆڕش، لە عەفرین لە هەر ماڵێكدا لە ساڵی 2011 كچێك یاخود گەنجێك یان دوو گەنج زانكۆیان تەواو كردبوو و ئاستی زانستی گەییشتبووە لە سەدا سەد و نەخوێندەواری نەمابوو، بەڵام دوای هاتنی پەیەدە لە عەفرین ئێستا خوێندن نییە و منداڵ و گەنجی خوار تەمەنی 18 ساڵ چەكیان هەڵگرتووە و، ئەو شوێنانەی پەیەدە خولیان لێ دەكاتەوە، لە سەدا حەفتای منداڵن".
Top