حکوومەتی تورکیا: پاڵپشتیی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەین

 حکوومەتی تورکیا: پاڵپشتیی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەین
وەزیرێکی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی پشتگیریی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکات و بە هیوایە پەرە بە پەیوەندییەکان بدرێت.



بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە 28 ـی نیسانی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەودەت یەڵماز، وەزیری گەشەپێدانی تورکیا و شاندێکی یاوەری، کە لە فاروق قایمقەچی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و محەمەد ئاکیف ئینعام، کونسوڵی گشتیی تورکیا لەھەرێمی کوردستان و ڕاوێژکارانی وەزارەتی پەرەپێدانی تورکیا پێکھاتبوو.



جەودەت یەڵماز لە کۆبوونەوەکەدا، سـڵاوی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەـزیرانی تورکیای بە مەسعود بارزانی گەیاندووە و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پێی باشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ”پێکەوە میکانیزمێکی ھاوبەش بۆ بووژاندنەوەی ئابووری“ بدۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن.



وەزیری گەشەپێدانی تورکیا هەروەها رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی ”پاڵپشتی لە سەقامگیری و ئاساییشی ھەرێم دەکات و ئاسایش و سەقامگیریی و پێشکەوتنی ھەرێم یەکسانە بە ئاسایش و سەقامگیریی و پێشکەوتنی تورکیا“ و ئەوان هەوڵ دەدەن لە هەموو بوارەکاندا، پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەن.



جەودەت یەڵماز پێیوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی ”بە سەرکەوتوویی“ بەسەر پرسەکانی دابەزینی نرخی نەوت، قەیرانی دارایی، لەخۆگرتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعشدا زاڵ بێت، ”دڵنیام ھەر حکوومەتێکی تر بوایە تووشی کێشەی گەورە دەبوو“.



هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بە ساندە تورکییەکەی راگەیاندووە، کە پێویستە هەردوو لایەنەی هەرێمی کوردستان و تورکیا ”لەپێناو بووژانەوە و پێشکەوتندا کار بۆ بەدیھاتنی سەقامگیری و ئاساییش بکەن“.
Top