پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی گرنگ لەبارەی شنگالەوە دەردەکات
ئەشواق جاف، ئەندامی کوردی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، دوای ئەوەی ھەموو بەڵگە پێویستەکان و بڕیاری پارێزگای نەینەوا لەلایەن ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردەوە درایە پەرلەمان، رۆژی پێنجـشەممە 28ـی نیسانی 2016 ئەو پرسە خرایە دەنگدانەوە.
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەش دا، کە سەرەتا پرۆژەکە دراوەتە لیژنەی یاسایی پەرلەمان و لەوێشەوە بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و خرایە دەنگدان و دەنگی پێدرا.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیە، ”حکوومەتی فیدڕاڵ پابەندە بەوەی ئەو شارە ئاوەدان بکاتەوە“، کە رێکخراوی توندڕەوی داعش وێڕای شەھیدکردن و رفاندنی ھاوڵاتییانی شارەکە و دەربەدەرکردنی ھەزارانی دیکە، زیانێکی مادی زۆریشی بەشارەکە گەیاندووە.
ئەشواق جاف ئەوەشی روون کردەوە، کە 85%ـی شاری شنگال رووخێنراوە.
لە مانگی ئابی 2014 شاری شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکرا و لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، کە راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکەی دەکرد، لەنێو شنگالەوە رزگارکردنەوەی شارەکەی راگەیاند.
باسنیوز
