سوپاسالاری کەنەدا: شانازییە ڕۆڵەكانمان شانبەشانی پێشمەرگە بەشدارن لە شكاندنی تیرۆریستاندا

سوپاسالاری کەنەدا: شانازییە ڕۆڵەكانمان شانبەشانی پێشمەرگە بەشدارن لە شكاندنی تیرۆریستاندا
(سەرۆک بارزانی) ستاییشی هەماهەنگی و ڕۆڵی تیمە سەربازییەكانی كەنەدای كرد لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە؛ سوپاسالاری کەنەدایش ڕایگەیاند، شانازییە ڕۆڵەكانی کەنەدا شانبەشانی پێشمەرگە بەشدارن لە شكاندنی تیرۆریستان.

ئەم لێدوانانە لە دیدارەدا بوون کە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ (جۆناتان ڤانس) سوپاسالاری كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك فەرماندە و ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای كەنەدا.

لە دیدارەكەدا سوپاسالاری كەنەدا دیداری لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و سەردانی بۆ كوردستان، بە شەرەفێكی گەورە زانی و وێڕای دووپاتكردنەوەی پابەندبوون و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان، ڕایگەیاند كە بە ئاییندەی پەیوەندی و كاری هاوبەش و هەماهەنگیی هەردوولا لە زۆر گەشبینە. پێزانینیشی بۆ ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەبوو لە شەڕی دژی تیرۆریستان و، ئەوەیشی خستەڕوو، كە شانازیی بەوە دەكات ڕۆڵەكانی وڵاتەكەی شانبەشانی پێشمەرگە بەشدارن لە شكاندنی تیرۆریستان. هەروەها سوپاسالاری كەنەدا (سەرۆك بارزانی)ـی لە هەنگاو و پلانەكانی وڵاتەكەی بۆ بەردەوامبوون لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش ئاگادار كردەوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و، سوپاسی گەلی كوردستان و پێشمەرگەی بە گەل و حكوومەتی كەنەدا گەیاند كە پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوونە لە شەڕی تیرۆر و، لە ڕۆژە سەختەكانی ئاوارەییشدا باوەشیان بۆ خەڵكی كوردستان كردووەتەوە. ستاییشی هەماهەنگی و ڕۆڵی تیمە سەربازییەكانی كەنەداشی كرد لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە و سەرەخۆشی لە سوپاسالاری كەنەدا كرد كە ساڵی ڕابردوو سەربازەكانیان لە شەڕی تیرۆریستاندا قوربانیان داوە.
هەر لەم دیدارەدا، باس لە هەڕەشەكانی تیرۆر لە ئاستی جیهانی هۆكارەكانی توندڕۆیی كرا و، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانیی گشتگیرە و جیۆگرافیا ناناسێت و ڕووبەڕووبوونەوەیشی هەوڵێكی هەمەلایەنەی دەولی پێویستە و دەبێ هەم لە ڕووی سەربازی و هەمیش لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فیكریشدا، شەڕی تیرۆریستان بكرێت.








KDP
Top