ئاشتن کارتەر: ئەمەریکا بەردەوامە لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە

ئاشتن کارتەر: ئەمەریکا بەردەوامە لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە پانێلی بەرگری وەزارەت لە واشنتن، باسی لە پێویستیی پێدانی زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بە ھێزەکانی پێشمەرگە کرد و، دووبارە وەکو کاریگەرترین ھێزی شەڕکەری دژی داعش ناساندن.

(ئاشتن کارتەر) وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، دوێنێ چوارشەممە ٢٧-٤-٢٠١٦، لەبەردەم لیژنەی ھێزە چەکدارەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا، کۆمەڵە پلان و ستراتیژییەکی نوێی لەسەر شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا خستەڕوو.

(ئاشتن کارتەر) لە چوارچێوەی قسەکانیدا، پێشمـەرگەی بە کاریگەرترین ھێزی زەوینی لە شەڕی دژی داعش ناو برد و رایگەیاند: "ھەوڵەکان بۆ خێراکردنی شەڕی دژی داعش و گرتنەوەی شاری مووسڵ بەردەوامە، راوێژکاری سەربازی بۆ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دابین دەکەین و، لە شەڕی مووسڵیش فڕۆکەی زیاتر لە جۆری ئاپاچی بەکار دێنین. هەروەها سیستەمی مووشەکی جۆری HIMARS بۆ شەڕی زەوینی لە دژی داعش دابین دەکەین."

(کارتەر)گوتیشی: "گرتنەوەی موسڵ دوای دوو ساڵ لە کۆنترۆڵکردنی لەلایەن داعشەوە، مژارێکی گەرمی میدیا جیھانییەکانە. دوو مانگ لەمەوبەر ئەمریکا کەمپینی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵی بەدابینکردنی پێداویستی لۆژیکی راگەیاند و چاوەڕیی کاژێر سفر دەکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە. "
لە میانەی پانێلەکە (ئاشتن کارتەر) ئاماژەی بەناردنی ھێزی زیاتر کرد بۆ سووریا و عێراق و ئەگەری زیادکردنی رێژەکەشی بە دوور نەزانی، تایبەت ئەگەر پێشکەوتنی زیاتر تۆمار نەکرێت."

ئەوە لە کاتێکدایە، کە ئیدارەی (باراک ئۆباما)ـی سەرۆکی ئەمریکا کاروباری وڵات لە کۆتای ساڵ رادەستدەکاتەوە، بەڵام دەیەوێت بوودجەیەکی باش تەرخان بکرێت بۆ وەزارەتی بەرگری لە ساڵی ٢٠١٧.





KDP
Top