وەزارەتی دارایی بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەی بۆ ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی دەرکرد

وەزارەتی دارایی بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەی بۆ ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی دەرکرد
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەی بۆ ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر دەرکرد.

بەپێی نووسراوی ژمارە ١٦٣٣ی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بە واژووی ڕابەر سدیق، بریکاری وەزارەتەکە بە وەکالەت لە ڕۆژی ١٩\٤\٢٠١٦ دەرکراوە ، وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و بەڕێوەبەرانەی بانک کە لە ھەولێر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا دەست بەسەر کرابوون، دەست لەکار کێشانەوەیان (سەحب ئەلیەد) بۆ بکرێت. ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە بڕیارەکە لەسەر نووسراوی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستانە.

ھاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکەدا، ناوی ١١ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری بانک لە ھەولێر ھەن کە لێکۆڵینەوەیان لەگەل دەکرێت .

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرێکی شارەزا لە کاروباری کارگێڕی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکات، ڕایگەیاندوە، بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەی لەم جۆرە، بەپێی ماددەی یاسای ژمارە ١٤ی تایبەت بە خزمەتی شارستانیی فەرمانبەران، لە لایەن وەزیرەوە دەردەکرێت و بۆ ئەو کەسانەیە کە بەھەر گومانێک، دەستبەسەر دەکرێن. گوتیشی: ”بەپێی یاسا، ئەو کەسە مافی ئەنجامدانی کارەکەی نامێنێت و سەرجەم دەسەڵاتەکانی لێ دەسەندرێتەوە، بەڵام بەتەواوەتی لە کارەکەی دەرناکرێت، تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات، ئەگەر بڕیارەکە لەکار لادان بوو، ئەوا ڕێوشوێنی لەبەرامبەر دەگرنە بەر، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە ئەستۆپاکی بوو یان سزایەکی بچووک بوو، بە مەرجێک کەمکردنەوەی پلە وەزیفییەکەی نەبێت، ئەوا سەرجەم ئەو نیومووچانەشیان بۆ خەرج دەکرێت کە پێشتر پێیان نەدراوە“.

پێشتر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان، بە بڕیاری دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان، ١١ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری بانک لە ھەولێر، بەھۆی ھەندێک کاری بانکیی گوماناوییەوە، دەستبەسەر کران و دواتر لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد، بەڵام ھێشتا دادگا بڕیاری لەمبارەیەوە نەداوە.
Top