دەزگای بارزانی، نزیكەی 3 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە منداڵانی بێباوك.. هاوكاریی 793 خێزانی ئاوارەیش دەكەن
سبەی 28.4.2016، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی، لە ڕێگای پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانەوە كە تایبەتە بە هاوكاریكردنی منداڵانی بێباوك لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بڕی (2.974.314 $) دۆلاری ئەمەریكی بەسەر ( 6091) منداڵی بێباوك (ئازیز)ـدا دابەش دەكات.
پرۆسەی دابەشكردنی هاوكارییەكانی پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەسەر منداڵانی بێباوك (ئازیز) لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی دابەش دەكرێت و لە چوارچێوەی هەڵمەتێكدا سەرجەم شار و شارۆچكەكان دەگرێتەوە و تێیدا بەم شێوەیە دەست بە دابەشكردنی هاوكارییەكان دەكرێت: سەرەتا لە شاری هەولێر دەست پێدەكات و تێیدا (1988) منداڵی بێباوك (ئازیز) دەگرێتەوە و بڕی (1003365) دۆلاری ئەمەریكی بەسەریاندا دابەش دەكرێت، هاوكات لە شاری دهۆكیش بە هەمان شێوە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی هاوكارییەكان و تێیدا (1474) منداڵی ئازیز بڕی (782659) دۆلاری ئەمەریكی وەردەگرن، هەروەها ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و لە شاری سلێمانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵدەستێت بە دابەشكردنی هاوكاری بەسەر (1261) ئازیز و بڕی (515326) دۆلاری ئەمەریكییان پێدەدرێت، هاوكات هەڵمەتەكە بەردەوامی دەبێت و لە دەڤەری گەرمیان و دەوروبەری (1368) ئازیز بڕی (672964) دۆلاری ئەمەریكییان بەسەردا دابەش دەكرێت.
پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خۆی لە دوو قۆناغدا دەبینێتەوە، قۆناغی یەكەمیان پێی دەڵێن قۆناغی كوردستانی و بە هاوكاری لەگەڵ دەوڵەمەند و كەسایەتی و خێرومەندانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و تێیدا ( 4806 ) منداڵی ئازیز بە شێوەی چوار مانگ جارێك هاوكاریی ماددییان بەسەردا دابەش دەكرێت. قۆناغی دووەمیش بریتییە لە هاوكارییەكانی مانگی سووری ئیماراتی، كە تایبەتە بەو هاوكاری و یارمەتیە داراییانەی كە لەلایەن وڵاتی ئیماراتەوە بۆ منداڵانی بێباوك لە هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت، لە ئێستایشدا دەست دەكرێت بە دابەشكردنی هاوكارییەكان و لەم قۆناغەدا 6091 منداڵی بێباوك سوودمەند دەبن و كۆی ئەو هاوكاریەیش كە بەسەریاندا دابەش دەكرێت، بریتییە لە (2.974.314 $) دۆلاری ئەمەریكی.
شایانی باسە، پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان، پڕۆژەیەكی بەردەوامە و زیاتر لە شەش ساڵە بە بەردەوامی هاوكاری بەسەر ئەو منداڵانەدا دابەش دەكرێت كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ناویان تۆمار كراوە و تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵییەوەیە.
لە لایەكی دیكەوە، رۆژی 2016/4/27 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوون و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان بۆ ئەو خێزان و كەسانەی كە تازە لە دەوروبەری قەزای مەخموورەوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لە كەمپی دیبەگە نیشتەجێ دەكرێن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام ژەمەخۆراكی گەرم و كەلوپەل و پێداویستی بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەكات كە رۆژانە روو لە كەمپەكە دەكەن، هاوكات لە درێژەی هاتنی شەپۆلی خێزانە ئاوارەكاندا، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێشوازیی ئەو خێزانانەدان، لەو میانەیەیشدا خۆراك و جلوبەرگ و پێداویستی و شوێنی حەوانەوەیان بەسەر 37 خێزاندا دابەش كرد كە تازە روویان لە كەمپی دیبەگە كردبوو.
هەر لە كەمپی دیبەگەیش، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری عێراقی و رێكخراوەكانی PWJ & JAPAN PLATFORMدەستیان كرد بە دابەشكردنی چۆلە و تاقم مەتبەخی پلاستیكی بەسەر 793 خێزانی ئاوارەدا.
