پەرلەمانی ئەورووپا، هێرشكردنەسەر قوتابخانە و نەخۆشخانەكان وەك تاوانی نێودەوڵەتی دەناسێنێت
ئەندامێكی پەرلەمانی ئەورووپا ڕاگەیاندووە، لە پەرلەمانی ئەورووپا پڕۆژەبڕیارێك ئامادە كراوە بۆ ناساندنی هێرشكردنەسەر قوتابخانە و نەخۆشخانەكان وەك پێشێلكردنی یاسای مرۆییی نێودەوڵەتی.
(جەین لامبێرت)، بە ڕۆژنامەی "لوپوان"ـی فەڕەنسای ڕاگەیاندووە: "ئەم پڕۆژەیە، بنەمای یاسایی بەهێزی هەیە، وەك پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان 1948، ڕێككەوتنامەی جنێڤ و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییش بۆ پاراستنی منداڵ لە قوتابخانەكان و چەندین یاسا و بڕیاری نێودەوڵەتیی دیكە."
گوتیشی: "كردەوەكانی داعش لە عێراق و سووریا یەكێك لە هاندەرە بەهێزەكانمانن بۆ دەركردنی یاسایەكی لەو شێوەیە."
(لامبێرت)، داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانیش كرد، بە تایبەتی ئەمەریكا و ڕووسیا، لە كاتی ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەكانیان لە عێراق و سووریا، قوتابخانە و نەخۆشخانەكان لە بەرچاو بگرن.
KDP
