زیانی جووتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان قەرەبوو نەکراوەتەوە

 زیانی جووتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان قەرەبوو نەکراوەتەوە
بەهۆی باران، تەرزە و لافاوەکانی ماوەی رابردوو بەشێکی زۆر لە جووتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیانیان پێگەیشتووە. بەتایبەت جووتیارانی ئیلام و لۆڕستان. جووتیاران دەڵێن، کۆمپانیاکانی بیمە بەپێی زیانەکانیان قەرەبوویان ناکەنەوە.

بارانەکانی ئەمساڵ لە چاو ساڵی رابردوو کەم وێنە بوو. بەم پێیە ئەمە بۆ جووتیاران جێی دڵخۆشییەک کە ئیدی کێشە و شکەساڵیان نابێت. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمساڵ بۆ جوتیاران یەکێک لە ساڵە خراپەکان بوو. بەشێکی بەرچاوی کشتوکاڵی جووتیاران بەهۆی باران و لافاوەکانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو چوون. هەر بۆیە جوتیارەکان تووشی زەرەرو زیانی زۆر بوون.

سادق کاوەری زادە، جووتیاری نموونەی ئیلام دەڵێت "110 هێکتار بەروبومم بەهۆی لافاو و بارانەوە زیانی پێگەیشتووە". ئەو دەشڵێت "80 هێکتار گەنمم چاندووە و بۆ هەر هێکتارێکیش یەک ملیۆن و 800 هەزار تمەن خەرجم کردووە، هەروەها لە 10 هێکتاریشدا سەوز و تەڕەکاڵم چاندووە و بۆ هەر هێکتارێکیش 40 ملیۆن تمەن کرێی زەویم داوە، بەڵام تەرزە هەر هەمووی لەنێو بردووە".

محەممەد فەڕۆخی، جووتیارێکی دیکەی ئیلام دەڵێت "14 هێکتار گەنمم چاندووە بەڵام تەرزە هەمووی خەواندووە و بەکاری دوورینەوە نایەت".
Top