تەرمی ئەو کەسە دۆزرایەوە کە لەگەڵ كوڕەكەی لە رووبارى خابوور خنكان
رائید بێوار عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانی پارێزگای دهۆك راگەیاند، دوای نۆ رۆژ لە خنکانی ئەمڕۆ سێشەممە 26-4-2016 بەهاوکاری تیمەکانی بەرگریی شارستانی دهۆک توانرا تەرمی "لوئەی موحسین محەممەد"، تەمەن 26 ساڵ لە رووباری خابوور بدۆزرێتەوە.
رۆژی 18-4-2016 لوئەی موحسین محەممەد لەگەڵ کوڕەکەیدا بەمەبەستی گەشتووگوزار دەچن بۆ نزیک ئاوی خابوور و دوای ئەوەی کوڕەکەی دەكەوێتە ناو رووبارەكە، باوكی بۆ رزگارکردنی دەچێت و هەردووکیان لە ئاوەکەدا دەخنکێن.
رائید بێوار عەبدولعەزیز گوتیشی، ئەو باوك و كوڕە خەڵکی زوومارن و تاوەکو ئێستا نەتواندراوە تەرمی کوڕە حەوت ساڵانەکەی بدۆزرێتەوە، تیمەکانیش لەگەڕانی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی منداڵە خنکاوەکە.
باوك و كوڕەكە ئاوارەی ناوچەی زوومارن و باوكەكە ویستوویەتی وێنەی كوڕەكەی بگرێت، بەڵام كوڕەكەی كەوتووەتە نێو رووبارەكە، لەكاتی هەوڵدانی باوكەكەش بۆ رزگاركردنی، هەردووكیان خنكاون.
