نەمسا لە هەوڵەكانی بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

 نەمسا لە هەوڵەكانی بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت
باڵیۆزی نەمسا لە عێراق، لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، وڵاتەكەی و ئەورووپا بە گشتی ڕێز لە خەباتی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەگرن كە بە خوێنی خۆیان ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و دەڤەرەكانیان لە مەترسیی تیرۆر پاراستووە. هەروەك بەردەوامیی هەوڵەكانی وڵاتەكەی لە ڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە و لەسەر ئاستی وڵاتان، بۆ پشتگیرییكردنی هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 26 - 4 – 2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (د. میشێل دێسێر) باڵیۆزی وڵاتی نەمسا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی نەمسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و، باسی لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی نەمسا كرد و پشتگیریی خۆی بۆ پتەوتركردنی ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەكاندا پیشان دا.

هەروەها باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، عێراق و سووریا بە تایبەتی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە وڵاتەكەی و ئەورووپا بە گشتی ڕێز لە خەباتی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەگرن كە بە خوێنی خۆیان ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و دەڤەرەكانیان لە مەترسیی تیرۆر پاراستووە. هەروەك بەردەوامیی هەوڵەكانی وڵاتەكەی لە ڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە و لەسەر ئاستی وڵاتان بۆ پشتگیرییكردنی هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای خواست لە سەردانەكان و هەوڵەكانی بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەردەوام بێت. دواتر باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستانی كرد، لەوانەیش قەیرانی دارایی و شەڕی دژەتیرۆر و حەواندنەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەر و ئاوارەی دەستی تیرۆر.

(نێچیرڤان بارزانی) لە بەردەوامیی قسەكانیدا هیوای خواست كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری خەڵك و حكوومەتی هەێمی كوردستان و پێشمەرگە و ئاوارە و پەنابەران بكەن و سوپاسی حكوومەتی نەمساشی كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگییەی كە تا ئێستا لەم بوارانەدا كردوویەتی و هیوای بەردەوامیی ئەو هاوكاریانەی خواست.

تاوتووكردنی چەند تەوەر و بابەتێكی پەیوەندیدار بە تایبەتی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
Top