قایمقامیەتی خورماتوو: باشترین چارە، دەركردنی حەشدی شەعبییە

قایمقامیەتی خورماتوو: باشترین چارە، دەركردنی حەشدی شەعبییە
بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو دەڵێت، كۆبوونەوەكەی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بۆ سبەی دوا خراوە، لە ماوەی رابردوویشدا چەند جارێك شەڕ وەستاوە و دەستی پێ كردووەتەوە، بۆیە باشترین چارە ئەوەیە كە حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەربكرێت.

(محەممەد فایەق)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ چەند خانوویەكی دیكەی كورد لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە سوتێندراون و دەنگۆی ئەوەیش هەیە كە فەرمانگەی ناسنامەیش سوتێندرابێت، بەڵام ئێستا دۆخەكە ئارامە و شەڕ نییە.

(فایەق) گوتیشی، بڕیار بوو بۆ چارەكردنی دۆخی خورماتوو كۆبوونەوەیەك لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ سبەی دوا خرا.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو دەشڵێت، رای جیاواز لەبارەی دۆخی خورماتووەوە هەیە، هەندێك پێیان وایە پێویستە ئەو كێشەیە بە گفتوگۆ چارە بێت و هەندێكیش داوا دەكەن شەڕ بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك شەڕ وەستاوە و دەستی پێ كردووەتەوە، بۆیە باشترین چارە ئەوەیە كە، حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەربكرێت.





KDP
Top